فەتح: دەكرێت كاندیدی سەرۆك وەزیران بگۆڕین، بەڵام
  2022-09-02       696       

مەحمود حەیانی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح پێیوایە كە دەكرێت كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە محەمەد شیاع سودانییەوە بگۆڕدرێت بۆ كاندیدێكی تر، بەڵام بێ گفتووگۆ و دانوستان ئەم كارە ناكرێت.

ئاوێنه‌: مەحمود حیانی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ڕەوتی سەدر لەوباوەڕەدایە محەمەد شیاع سودانی بەتەنیا كاندیدی دەوڵەتی یاسایە، بۆیە ڕەتیدەكاتەوە، ئەمەش بەڕوونی لە تویتەكانی ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیری سەدر دەردەكەوێت، لەڕاستیدا دەكرێت سودانی بگۆڕدرێت بە كاندیدێكی، بەڵام تا كۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان لایەنەكان نەكرێت ئەو هەنگاوە هەڵنانرێت”.

بە وتەی حەیانی”كۆبونەوەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لەگەڵ موقتەدا سەدر ڕابەری رەوتی سەدر، ڕەنگە ببێتە مایەی چارەسەری بەشێكی گەورەی ئەم تەنگژەیە كە ئێستا لەعێراقدا هەیە، دەكرێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و بەرەو هەڵبژاردنێكی تر هەنگاوبنێین، چوارچێوەی هەماهەنگی دژی دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن نییە، بەڵام دەبێت گفتووگۆ هەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن”.

چوارچێوەی هەماهەنگی سورە لەسەر كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق، لەبەرامبەردا ڕەوتی سەدر نەك هەر تەنیا سودانی، بەڵكو پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی ڕەتدەكاتەوە و بەپێویستی دەزانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی تر ئەنجام بدرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×