سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان: راکێشانی بۆری غازی ماڵان تێچوی لەسەر ھاوڵاتیان نابێت
  2022-09-10       982       

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ھەنگاوەکان بۆ راکێشانی بۆری غازی ماڵان دەستیان پێکردوەو بۆری غاز بۆ ھەمو ماڵێک رادەکێشن و ھیچ تێچویەکیشی لەسەر ھاوڵاتی نابێت و ھەمو کارەکان کۆمپانیاکان ئەنجامی دەدەن و تەنھا ھاوڵاتیان پارەی ئەو غازە دەدەن کە بەكاری دەهێنن.

ئاوێنە: محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت"لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە بۆری غاز رادەکێشرێت بۆ ماڵان و لە پارێزگاو ئیدارەی سەربەخۆ و شارو شارۆچکەکان عەمباری غاز دروست دەکرێن و سیستەمی غاز وەکو وڵاتانی لێ دێت و بەقۆناغ لەھەمو کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئەوە یەک پڕۆژە نییە و چەندین پڕۆژە لەخۆ دەگرێت کە کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەو پڕۆژانە ھەڵدەستن".

محەمەد شوکری وتیشی"ھەنگاوەکانمان دەستپێکردوە بۆ مۆڵەتدانی دروستکردنی عەمبارو پەسەندی کۆمپانیاکانمان داوە بەو کارە ھەڵدەستن، بۆیە پێویستە خۆیان رێکبخەن و دەست بەکار بکەن و مەرجی ئێمە ئەوەیە سیستەمی غاز ببێتە مەرکەزی".

ئەوەشی خستەڕو"کاردەکەین زەوی بۆ عەمبارەکان تەرخان بکرێت و ئەوەی دیکەش دەمێنێتەوە لە کوێ و چۆن دەست بەدروستکردنی بکرێت، بۆیە ھەوڵدەدەین  ئەمساڵ دەستپێبکات، چونکە خەرجی زۆر و کاتی زۆریشی پێویستە".

ناوبراو جەختیشی كردەوە"دروستکردن و راکێشانی بۆری غازی ماڵان ھیچ تێچویه‌کی لەسەر ھاوڵاتی نابێت و بۆری غازیان بۆ رادەکێشرێتە ماڵ و غازیش گران نابێت و تەنھا ئەوەیە چەند غاز بەکار بێنن پارەی ئەو غازە دەدەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×