ئایا مرۆڤی ئەم سەردەمە هۆشمەندە؟
  2022-09-11       368       

دلێر محەمەد نوری

 

کتێبی (Sapiens)ی مێژوونووسی بەناوبانگی ئیسرائیلی (یوڤاڵ نوح هەراری)، یەکێکە لەو کتێبە گرنگە مەترسیدارانەی کە لەم ساڵانەی کۆتاییدا، بەڕەهایی دەرکرابێت. ئەم کتێبە گرنگە، چونکە تیشک ئەخاتە سەر مێژووی دوور و درێژی مرۆڤایەتی، هەر لە بەرەبەیانی تەقینەوە گەورەکەوە، تا دەگاتە ئەمڕۆ. ئەو لە بیگ بانگەوە دەستمان ئەگرێ و قوناغەکانی مێژووی ژیان و مرۆڤ و هەسارەی زەوی، یەک بە دوای یەک، شی ئەکاتەوە، تا نیشانمان بدات بۆچی و چۆن بە ئەمڕۆ گەیشتووین؟ هەر وەها مەترسیداریشە، بەوەی کە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن پێشەوەچوونەکانی مرۆڤ، لە ٥٠٠ ساڵی کۆتاییدا، ئەم هەموو کارییگەرییەیان داناوە، بۆئەوەی کەداهاتوومان وەکو مرۆڤ، نیشان بدەن کە چی لێ بەسەر دێت؟

بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، خوێنەر ئەکەویتە نێو یەک دونیا لە گوومان و ڕامان و پرسیار، لە بارەی خودی ژیان و مرۆڤ و هەڵسوکەوتەکانی. هەر وەها، مرۆڤ ئەخاتە بەردەم یەک دونیا گوومان و پرسیار، لە بارەی خوێندنەوە و لێکدانەوەی ئایینەکان بۆ بوون. شتگەلێکیش ئەخاتە ڕوو، سەبارەت بە هاوکێشە و دژیەکییەکانی، هەڵسوکەوتی مرۆڤ، لە نێوان ژیری لە بەردەوام بوون، لە پاراستنی جۆری خۆی و هەوڵدان بۆ لەناو بردنی کۆی ئەستێرەی زەوی بە خۆیشییەوە. هەر بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ئەکەویتە داڵغەی بیرکردنەوە، لە داهاتووی مرۆڤایەتی کە ئاخۆ، ڕادەی ژیری مرۆڤی ئەمڕۆ، ئیتر دەست ئەدات بۆ مانەوە یاخود بۆ مانەوە ئیتر پێویستمان بە جۆرێک لە مڕۆڤی باڵایە (سوپەرمان)، کە پەیدا ببێت و جێگە بەم مرۆڤەی ئێستا لێژ بکات؟!

هەراری بەم کتێبەی، گۆمی بیرکردنەوەت ئەشڵەقێنی و ئاراستەی ئەگۆڕێ، لە مەسەلە، لاوەکییە، تایبەتییە، بچووکە هەنووکەییەکانی ژیان، بۆ مەسەلە، چارەنووسسازە، گشتییە گێتییەکانی ژیان. لە لایەک گیانی بەپرسیارێتیت تیا ئەژێنێتەوە و هەوڵ ئەدات بێدەربەستیت کۆتایی پێ بێنێت. لە لایەکی دیکەشەوە بێدەربەستت ئەکات بەوەی‌ کە ژیان گەیشتووە بە ئاستێک، ئیتر بە بێ ویستی مرۆڤ لە هەڵکشانە بەرەو داڕمان. جگە لەمەش، ڕاستەوخۆ پەیوندی ئەمڕۆی بوون، ئەبەستێتەوە، بەو زنجیرە پێشەوەچوونانەی، گەشەی ڕێچکە و بنەچەی مرۆڤەکان و گۆڕانکارییە فیزیکی و کیمیایییە ژینگەییەکانی هەسارەی زەوی، تا دەمانباتە خاڵی سەرەتای بوو کە ئەویش بە تیۆری تەقینەوە مەزنەکە ئەناسرێت. ئەم زنجیرە ڕووداوانەی، کە بە نزیکەی ١٤ ملیار ساڵ ئەخەمڵێنرێت. هەروەها ناڕاستەوخۆ،  گوومان ئەخاتە سەر، کۆیی گێڕانەوە ڕەشباوەڕییەکانی (خرافة) ئایینەکان بۆ بوون، کە خۆیان لە چەند هەزار ساڵێک دوورتر نابیننەوە و هیچ لێکدانەوەیەکشیان بۆ ملیارەها ساڵ نیە و وەکو ئەوەی تەمەنی خوداکانیش هەر ئەو چەند هەزار ساڵەیە و ئەوانیش بێ ئاگان لەو پێشینانەی مرۆڤایەتی و زەوی و هەسارەکانی دیکە، پیادا ڕۆیشتوون. هەرچەندە زۆرێک لەو تیۆرییانە و دۆزراوانەی پاشماوەی ئێسک و پروسکی داپیرە و باپیرە گەورە و دێرینی مرۆڤە سەرەتاییەکان، بە شێوەی زانستی و شیکاریی دی ئێن ئەی و شیکارییە فیزیایی و کیمیاییەکان و بە خودی زانستی جیۆلۆجی و تەنانەت زانستی بەردەکان (Petrologi)یشەوە، سەلمێنراون.

لە پێشەکی کتێبەکەیدا، هاتووە کە:-

"ئاگر، هێزی پێ بەخشین. زەمکردن و گێڕانەوەی نهێنی، یارمەتی داین تا هاریکاری یەکبین. کشتوکاڵ، چێژی خواردنی بەرزکردینەوە. ڕەش باوەڕی (خرافة)، فێری کردین یاسا و سیستەم بپارێزین. دراو، شتێکی پێ بەخشین کە متمانەی پێ بکەین. دژیەکییەکان، کولتوری بۆ دروست کردین. زانستەکانیش، کردینی بە مەترسی بۆ سەر ژیان".

ئەمەی سەرەوە، کورتەی پێشڕەفتییە، یەک بە دوا یەکییەکانی، مێژووی مرۆڤایەتییە، لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ. لەمەش زیاتر، هەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا، خشتەی زەمەنی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی دیاری کردووە، قۆناغ بە قۆناغ و ناوی ناوە:-

خشتەی کاتیی (زمني) مێژوو، بەم جۆرەی لای خوارەوە:-

١/  ١٣٫٨ ملیار ساڵ بەر لە ئێستا:-

-مادە و وزە پەیدا بوون، ئەمەش ئەکاتە(سەرتاکانی فیزیا).

 -گەردیلە و گەرد پەیدا بوون، واتا (سەرەتاکانی کیمیا).

٢/ ٤٫٥ ملیار ساڵ بەر لە ئێستا:-

ئەستێری زەوی پێکهات.

٣/  ٣.٨ ملیار ساڵ بەر لە ئێستا:-

زیندەوەر پەیدا بوو، واتا (سەرەتاکانی زیندەوەرزانی).

٤/ ٦ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا:-

یەکەم داپیرەی مرۆڤ و شیمپانزی پەیدا بوون.

٥/ ٢٫٥ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا:-

-پێشکەوتنی ڕەگەزی هۆمو (مرۆڤ) لە ئەفریقیا و سەرەتای پەیدابوونی ئامێرە بەردینەکان بوو.

٦/ ٢ ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا:-

مرۆڤ لە ئەفریقاوە بە ئۆراسیادا بڵاوبوونەوە و پێشکەوتنی مرۆڤی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.

٧/  ٥٠٠ هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ:-

مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدا بوون.

٨/ ٣٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا:-

ئاگر بۆ بەکاربردنی ڕۆژانە سودی لێوەرگیرا.

٩/ ٢٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا:-

مڕۆڤی هۆشمەند و ژیر گەشەی کرد.

١٠/ ٧٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا:-

شۆڕشی زانیاری دەستی پێکرد و زمانەکانی خەیاڵ کردن دەرکەوتن و ئەمە سەرەتای مێژوو بوو (مێژوو لێرەوە ڕوونتر ئەناسرێتەوە). لەم کاتەدا مرۆڤی ژیر لە ئەفریقیاوە بە دونیادا بڵاوبوونەوە.

١١/ ٤٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا:-

مرۆڤی ژیر لە ئوستورالیا جێگیر بوون و ئاژەڵە زەبەلاحەکانی ئوستورالیا لەناوچوون.

١٢/ ٣٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا:-

مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ناوچوون.

١٣/ ١٦ هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ:-

مرۆڤی ژیر لە ئەمریکا جێگیر ئەبێ و ئاژەڵە زەبەلاحەکانی ئەوێش لە ناو ئەچن.

١٤/ ١٣ هەزار ساڵ پێش ئێستا:-

دواجار مرۆڤی دورگەی فلۆرێنسی ئەندەنوسیا لە ناوئەچن و تاکە جۆرێکی مرۆڤ کە دەمێنێتەوە مرۆڤی ژیرە.

١٥/  ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا:-

شۆڕشی کشتوکاڵی بەرپا بوو و ڕوەک و ئاژەڵ بەخێوکردن و نیشتەجێی بوون دەستی پێکرد.

١٦/  ٥ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا:-

یەکەم پادشانشین و نووسین و دراو و ئایینە فرە خواکان دەرکەوتن.

١٧/ ٤٢٥٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ:-

یەکەم ئیمبراتۆر–ئیمبراتۆری سەرجۆنی ئەکەدی دەرکەوت.

١٨/ ٢٥٠٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ:-

-سیستمی دراو داهات – دراوی جیهانی.

 -ئیمبراتۆریی فارسی پەیدا بوو – وەکو سیستمێکی جیهانی کە هەموو دونیا سودی لێ ببینێت.

-بوزی لە هیندستان پەیدا بوو – وەکو ڕاستییەکی جیهانی بۆ ئازادکردنی هەموو مرۆڤایەتی لە ئازارچەشتن.

١٩/ ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا:-

 -ئیمبراتۆری هان لە چین پەیدا بوو.

 -ئیمبراتۆری ڕۆمانی لە دەریای سپی پیدا بوو. -نەسرانییەکان پەیدا بوون.

٢٠/ ١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا:-

ئیسلام پەیدا بوو.

٢١/ ٥۰۰ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ:-

شۆڕشی زانستی پەرپا بوو. مرۆڤایەتی نەزانی خۆی ئەسەلمێنێ و ئەنجا ئەگاتە هێزی ڕەهای خۆی. ئەوروپییەکان هەردوو ئەمریکاکە و زەریاکان داگیر دەکەن. ئەستێرەی زەوی دەبێتە یەک گۆڕەپانی مێژوویی. سەرمایەداریش سەردەکەوێت.

۲۲/ ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ:-

شۆڕشی پیشەسازی دەستی پێکرد. خێزان و کۆمەڵگا گۆڕا بە دەوڵەت و بازاڕ. لە ناوبردنی بە کۆمەڵی ڕوەکەکان و ئاژەڵەکان لە لایەن مرۆڤەوە بەرپابوو.

٢٣/ لە ئێستادا:-

مرۆڤەکان سنوری زەوییان بەزاندووە. چەکی ناوکی بووە بە مەترسی بۆ سەر مانەوەی مرۆڤایەتی. زیندەوەرەکان لە ڕێگەی داڕشتنی نەخشەی زیرەکەوە پێکدەهێنرێن، نەک بە شێوەیەکی سروشتی.

٢٤/ لە داهاتوودا:-

ئایا داڕشتنی نەخشەیی زیرەک دەبێتە گرنگترین پرینسیپەکانی ژیان؟ ئایا سوپەرمان جێگەی مرۆڤی ژیر (عاقل) دەگرێتەوە؟

یوڤاڵ بە کورتی ئەو ڕێڕەوە مێژووییەی مرۆڤایەتی لەم ٢٤ خاڵەدا چڕ کردۆتەوە.

گەر ئێمەش بە چاوی ڕەخنەگر لەم بیست و چوار خاڵەمان ڕوانی، دەگەینە چەند سەرنجێکی گشتی و دیار.

بۆ نموونە، گریمان تیۆری تەقینەوە مەزنەکەی سەرەتای ژیان وەهمە و سەرجەم تیۆری و دۆزینەوەکانی ستیڤن هاوکینگشمان (stephen hawking ١٩٧٩-٢٠٠٩) پووچەڵ کردەوە. واشمان دانا و کە باویشە لە لای باوەڕدارانی ئایینە یەکتاپەرست و ئیبراهیمییەکان، کە خودای تاک و تەنیا داهێنەری ئەم هەسارانەو مرۆڤایەتییە. خودا خاوەن و بزوێنەری ئەم ١٤ ملیار‌ ساڵەیە. باشە نابێ لە خۆمان بپرسین، کاتێ زانست سەلماندوویەتی کە یەکەم مرۆڤی ژیر و هۆشمەند، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ساڵە پەیدا بووە، بەڵام بە چ دەلیلێک و بۆچی خودا، تەنها ٢٠٠٠ ساڵێک پێش ئێستا، بیر لەوە دەکاتەوە پەیامی خۆی بگەیێنێتە مرۆڤ؟ بە پێی گێڕانەوە ئاییییەکان بێت تەمەنی ئادەم و حەوا لە سەر زەوی وەکو یەکەم مرۆڤ زیاتر نیە لە ١٠ هەزار ساڵ. ئەگەر ئێمە بزانین کە ئەکەدییەکان لە ٤٫٢٥٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا وەکو یەکەم ئیمبراتۆر هەبوون و خۆریان پەرستووە، بۆچی تووشی ئادەم و حەوا نەهاتوون تا لە ڕاستی و دروستی خەلق و خالق تێبگەن و واز لە خۆرپەرستی بهێنن؟

گومانەکانی یوڤاڵ نوح، لەو کتێبەدا و لە زۆر جێگەیدا، بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست، پێمان ئەڵێ: کە خاوەنی خوداکان مرۆڤەکانن نەک بە پێچەوانەوە. هەر بۆیە سنوری بیرکردنەوەی خوداکان لە سنوری بیرکردنەوەی مرۆڤەکان تێناپەڕێت. ئەمانە تەنها چەند سەرنجێکی بچووک بوون لەو پرسیار و گوومانە وروژێنەرانەی، هەراری لە مەڕ ئایینەوە، کردوونی. دەنا ئەو گوومانی خستۆتە سەر گەلێ بیرکردنەوەی تر مرۆڤی ئەمڕۆ. چونکە مرۆڤ تەواو بێئاگایە لە ملیارەها ساڵی پێشینەی خۆی و هەر بەم پێیەشە بێئاگا ئەخوا و بێ ئاگا دروست دەکا و پێش ئەکەوێ و بێ ئاگا دەژی بۆ داهاتوو. ئەو داهاتوویەی ئەو سەری تونێلەکەی دیار نیە.

ئەم کتێبە بە گشتی خوێنەری وردی ئەوێ، چونکە خوێنەر‌ بە سەر پردی سیراتدا ئەبات، لایەکی بێ هیوایی و ڕەشبینیە و لایەکیشی داوای هیوا و وریایی ئەکات لە مامەڵە کردن بە ژیان و هەسارەی زەوییەوە. ماوەتەوە بڵێم با ئەم کتێبەی هەراری پڕۆژەی خوێندنەوەی داهاتووت بێت.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×