بریكاری وەزارەتی پەروەردە: ناتوانین بڵێین هەموو مانگێك بەبێ‌ دواكەوتن موچەی مامۆستایان دەدرێت
  2022-09-12       712       

د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، ناتوانن بڵێن هەموو مانگێك موچەی مامۆستایان بەبێ دواكەوتن دەدەن، بەڵام ئەو پلانەی ئێستا هەیە ئەوەیە، ئەوپەڕی هەوڵدەدرێت لەكاتی خۆیدا بدرێت.

ئاوێنە:  د. سەیوان عەلی، بەدەنگی ئەمریكای وتووە، بڕیارە 13ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن دەستپێبكات و بەپێی پلانەكە وەك پێشتر بڵاوكراوەتەوە 3 رۆژی سەرەتا بۆ ئامادەكردنی خوێندكارانە، هەروەها بۆ دروستكردنی ئینتیمای نیشتمانییە و باسكردنی دۆخی كوردستان و عیراقە لای خوێندكاران.

باسی لەوەش كردووە، پەروەردە سیاسەتی نیشتیمانی هەیە بۆ هەموو خوێندكارێك لە خانەقینەوە هەتا زاخۆ هەمان ئینتیمای بۆ دروست بكەن، سیاسەتی ئەوەیان هەیە نیشتمان وەكو نیشتمانی هەمووان پیشانی قوتابیان بدەن، لە هەموو قۆناغەكاندا ئەو باسەیان بۆ دەكرێت، نایانەوێت بڵێن بە سێ رۆژ ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی لای قوتابی دروست دەكەن، ئەو سێ رۆژە زیاتر بۆ رێكخستنەوەیە.

بریكارەكەی وەزارەتی پەروەردە وتوشیەتی، ناڵێن قوتابییان هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیان لەدەستداوە و بۆیان دروستدەكەنەوە، بەڵام دەیانەوێت شارەزابن لەوەی لەكوێ دەژین و ئەو وڵاتە كوێیە و چی تێدایە؟‌ یاساكانی چین و چۆن بەرەوپێشەوە ببرێت و چۆن ئەوان بتوانن ئامادەبن بۆ ئەوەی نیشتمانەكەیان خۆش بوێت و بەرگری لێبكەن؟

هەرچی سەبارەت بە دۆخی موچەیە ئاماژەی بەوەداوە، ناتوانن بە تەنها بڵێن هەموو مانگێك موچەی مامۆستایان بەبێ دواكەوتن دەدەن، چونكە ئەوە سیاسەتی حكومەت دیاری دەكات، بەڵام ئەو پلانەی ئێستا هەیە ئەوەیە، ئەوپەڕی هەوڵدەدرێت لەكاتی خۆیدا هەموو كەسێك شایستەی دارایی خۆی وەربگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×