ئەردۆغان: ئامانجمان ئەوەیە لەناوچەکەمان‌و دەرەوە پشتێنەیەکی ئاشتی دابمەزرێنین
  2022-09-17       566       


رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگه‌یاند، "دەیان هەزار هاوڵاتی تورکیا بونەتە قوربانی تیرۆر، بۆیە تورکیا روخساری خوێناوی تیرۆر باش دەناسێت.. ئامانجمان ئەوەیە لەناوچەکەمان‌و دەرەوە پشتێنەیەکی ئاشتی دابمەزرێنین".

ئاوێنه‌: رەجەب تەیب ئەردۆغان  كه‌ وه‌ك میوانی تایبه‌ت به‌شداریی له‌ ٢٢ەمین کۆبونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لەرێكخراوی هاریکاریی شەنگهای-دا كردو وتارێكی پێشكه‌شكرد.

ئەردۆغان وتی‌، "تیرۆر هیچ سنورێک نازانێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو وڵاتان دروستکردووە، دەیان هەزار هاوڵاتی تورکیا، بوونەتە قوربانی تیرۆر. هەربۆیە تورکیا روخساری خوێناوی تیرۆر باش دەناسێت. هەرچەندە لە ٤٠ ساڵی خەباتمان دژی رێکخراوی تیرۆرستی جوداخواز، زۆربەری جار تەنها جێهێڵدراوین بەڵام بەپێداگرییەوە خەباتمان دژی پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە، فەتۆ و داعش و هەموو رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە، درێژە پێدەدەین. ئامادەشین لەو بابەتانەدا کە پەیوەندییان بەئاسایشی هاوبەشەوە هەیە، گفتوگۆکانمان لەگەڵ رێکخراوی هاریکاری شەنگهای، بەهێزتر بکەین".

وتیشی‌، تورکیا "وەک وڵاتێک کە ئاسیاو ئەوروپای بەیەکەوە گرێداوە، خاوەن پێگەیەکی بەهێزە"و ئەو پەیوەندییە مرۆیی و کولتووری و سیاسییەی لەگەڵ ئاسیا هەیەتی مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ئه‌وه‌شی‌ وت، “ل سایەی ستاتوی هاوبەشی دیالۆگ کە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا هەمانبووە، ئێرە بووەتە یەکێک لەو پەنجەرانەمان کە بەڕووی ئاسیادا کراوەتەوە".

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×