ئەمریكا سزای بەسەر "پۆلیسی ئاكار"ی ئێراندا سەپاند
  2022-09-22       767       

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سزای بەسەر "پۆلیسی ئاكار"و چەند دەزگایەكی سەربازی و ئەمنی ئێراندا سەپاندو دەڵێت، ئەو "پۆلیسی ئاكار"ی ئێران توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەكاردەهێنێت و كوژرانی ژینا ئەمینی، كچە كوردی 22 ساڵەی خەڵكی شاری سەقزیشی خستۆتە ئەستۆی ئەو دەزگا ئەمنییەی ئێران.

ئاوێنە: جانێت بلین، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، سزایان بەسەر حەوت گەورە بەرپرسی ئێرانیدا سەپاندوە كە لەنێویاندا محەمەد رۆستەمی، سەرۆكی پۆلیسی ئاكاری ئێران و كیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزە وشكانییەكان لە سوپاو ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران هەن.

وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیەندراوەكەیدا سەبارەت بە كوژرانی ژینا ئەمینی وتویەتی"ژینا ئەمینی ژنێكی ئازا بو، مردنی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاكاردا، كارێكی دڕندانەی دیكەی هێزە ئەمنییەكانی رژێمی ئێرانە دژبە گەلەكەیان."

هەروەها وتوشیەتی"بەوپەڕی توندی ئەو كارە قێزەونە ئیدانە دەكەین و داوا لە حكومەتی ئێران دەكەین كۆتایی بهێنێت بەو توندوتیژیانەی كە دژبە ژنان پیادەی دەكات لەگەڵ ئەو هەڵمەتە توندوتیژە بەردەوامەی كە دژی ئازادی رادەربڕین و گردبونەوەكان گرتویەتییەبەر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×