رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی ئێران، كە بۆ ناڕەزایەتی دژبە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەڕێوەدەچن، بۆ 31 كەس بەرزبۆتەوەو هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و چالاكی مەدەنی هەیە.
ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا داوای كردوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەو دۆخەی ئێرانەوە هەڵوێستی هەبێت و رێگری لە كوشتنی خەڵكی ئێران بكات.
مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران رایگەیاندوە"خەڵكی ئێران بۆ داواكردنی مافە بنەڕەتییەكان و شكۆی مرۆیی، هاتونەتە سەر جادە كە چوار دەیەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییەوە لەوە بێبەش كراون و حكومەت بە گولـلە وەڵامی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەكانیان دەداتەوە."
ئاماژەی بەوەشداوە "چیتر تەنها ئیدانەكردن و دەربڕینی نیگەرانی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، بەس نییە، بەڵكو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەمو ئەو مرۆڤانەی كە پابەندیی مافەكانی مرۆڤن، دەبێت ئێستا پشتیوانی لە داخوازییەكانی خەڵكی ئێران بكەن."
رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران لە راپۆرتەكەیدا وتویەتی، كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوی خۆپیشاندانەكاندا، لانیكەم 31 خۆپیشاندەر كوژراون.