هەرێمی كوردستان لەسێ مانگی دوەمی ئەمساڵدا بە بەهای 3 ملیارو 789 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتوە
  2022-09-24       603       

كۆمپانیای دیلۆیت بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانی بۆ سێ مانگی دوەمی ئەمساڵ بڵاوكردەوە كە لەو ماوەیەدا هەرێم بەبەهای سێ ملیارو 789 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتوەو لەوەش یەك ملیارو 571 ملیۆن دۆلاری بۆماوەتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت، هەرێمی كوردستان لەماوەی 1/4 بۆ 30/6ی ئەمساڵ، بڕی 37 ملیۆن 618 هەزارو 577 بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كردوە كە تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی بە 100.38 دۆلار فرۆشتوە هەروەها بڕی 237 هەزارو 475 بەرمیل نەوتی بەنرخی 54.08 دۆلار داوەتە پاڵاوگەكانی ناوخۆ.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، كۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا 3 ملیارو 789 ملیۆن و 290 هەزارو 279 دۆلار بوە.

دیلۆیت ئاماژەی بەوەدا كە لەو بڕە داهاتە یەك ملیارو 632 هەزارو 597 دۆلاری بۆ دانەوەی شایستەی دارایی كۆمپانیا نەوتییەكان و قەرز رۆیشتوەو هەروەها بڕی 584 ملیۆن و 609 هەزارو 407 دۆلار بۆ خەرجییەكانی دیكەی نەوت بوە لەوانە گواستنەوەو كۆگاكردن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە پارەی ماوە دوای دەركردنی سەرجەم خەرجییەكان كە بۆ موچە تەرخان كراوە بریتی بوە لە یەك ملیارو 571 ملیۆن 985 هەزارو 275 دۆلار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×