زیاتر لە 200 مامۆستای زانكۆ لە ئێران داوای ئازادكردنی خوێندكارانی دەستگیركراو دەكەن
  2022-09-29       366       

هاوكات لەگەڵ بەرفراوانبونی ناڕەزایەتییەكان لە زانكۆكانی سەرتاسەری ئێراندا، زیاتر لە 200 مامۆستای زانكۆكانی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێكدا داوا دەكەن ئەو خوێندكارانەی زانكۆ كە لە ناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون دەستبەجێ ئازادبكرێن و لەبارەی بەردەوامی سەركوتكارییەكانیش هۆشداری دەدەن.

ئاوێنە: ئەو مامۆستایانەی زانكۆكانی ئێران لە راگەیەندراوەكەیدا وتویانە، خوێندكارانی زانكۆ بە ئاشتی و بەبێ ئەوەی دەستیان بۆ موڵكی گشتی بردبێت ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەشێوەكی توند وەڵامیان دراوەتەوە.

جەختیشیان كردۆتەوە كە باوەڕیان وایە لەو فەزایە ئێستا لە ئێران هەیە، ناڕەزایەتییەكانی حوێندكاران لەبەرامبەر ستەم و هەڵەكان، نیشاندەری پابەندیی ئەخلاقی و زیندویی فەزای زانكۆو وەفادارییانە بۆ ئایدیا بەرزەكانی وەك وەستانەوە دژی ستەم و داواكردنی دادپەروەری و ئازادی.

لە كاتی دەستپێكردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانەوە لە ئێران بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، تاوەكو ئێستا دەیان خوێندكاری زانكۆ لەو وڵاتە دەستگیركراون. ئەو مامۆستایانەی زانكۆ نیگەرانی خۆیان لەبارەی سەلامەتی خوێندكارە دەستگیركراوەكان دەربڕیوەو جەختیشیان كردۆتەوە كە ئەگەر دەستبەجێ ئازادنەكرێن، نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكان لە قەزای زانكۆكاندا زیاتر دەبن و زانكۆكان ناگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.

لەماوەی رابردودا لە ئێران چەندین راگەیەندراو لەلایەن خوێندكارانی زانكۆ و مامۆستایانی زانكۆ جیاجیاكانی ئەو وڵاتە بڵاوكراونەتەوە كە تێیدا رایانگەیاندوە، تا ئەو كاتەی خوێندكارانی دەستگیركراو ئازاد نەكرێن، دەست بە خوێندن ناكەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×