ژمارەیەك لە مەلاكانی قوم، مەشهەدو تاران پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران دەكەن
  2022-09-30       959       

ژمارەیەك لە مەلاو خوێندكارانی حەوزە ئایینیەكانی قوم، مەشهەدو تاران لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران دەكەن و دەڵێن، هاوكاریكردن لەگەڵ دەسەڵاتداران و دەوڵەتی ئێران حەرامەو خەڵك مافی بەرگری رەوایان لەبەرامبەر توندوتیژییەكانی دەوڵەتدا هەیە.

ئاوێنە: ئەو مەلاو خوێندكارانە، لە بەیاننامەكەیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ ناڕەزاتییەكانی ئێستای خەڵكی ئێران دەربڕیوەو بەتوندی رەخنە لە دەسەڵاتداران و دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی ئێران دەگرن.

ئیمزاكەرانی بەیاننامەكە، "زانستی فیقهی" ئایەتوڵا خامەنەیی و ئەوانەشی لە پلەو پۆستەكاندا دایناون، خستۆتە ژێر پرسیارو دەڵێن: ئایینی ئیسلام، وەك ژنان بۆتە قوربانی ئامانجە سیاسییەكانی دەوڵەتی ئێران.

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیاندا ئەو مەلاو خوێندكارانە، حیجابی زۆرەملێیان دژ بە یاسا ئیسلامییەكان ناوبردوەو دەڵێن، هۆكاری سوربونی دەوڵەتی ئێران لەسەر مانەوەی یاسای حیجابی زۆرەملێ ئەوەیە كە "دەوڵەت، شوناس و مانەوەی خۆی لە پابەندبونی خەڵك بە حیجابەوە...دەبینێتەوەو ترسی ئەوەی هەیە بە لابردنی زۆرەملێ لەو بابەتەدا، خەڵك جەسورتر بن و داوای مافی زیاتر بكەن. لەسەر ئەم بنەمایەش، زۆرەملێ بۆ پابەندبون بە حیجاب، ئامڕازێكی سیاسییە."

ئەو مەلاو خوێندكارانە بەشێك لە بەرپرسانی دەوڵەتیان بە "كەسانی نەخوێندەوار، لۆمپەن و تێنەگەیشتو" ناوبردون و وتویانە"گومان لەوەدا نییە كە ئاستی هۆشیاری، خوێندەواری، هەست و كولتوری میللەتی ئێران، زۆر لە هی بەرپرسان و قسەكەرانی ئەم دەوڵەتە، بەرزترە."

جەختیشیان كردۆتەوە كە "هەر جۆرە هاوكاریكردنێكی ئەم دەوڵەتە، نیشانەی "هاوكاریكردنی ستەمكارانە"و لە ئاكامدا حەرامە"و هەروەها پشتیوانیشیان لە مافی بەرگری رەوای خەڵك لەبەرامبەر توندوتیژییەكانی دەوڵەتدا كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×