پۆتن بە فەرمی چوار هەرێمەکەى ئۆکرانیای خستە سەر رووسیا
  2022-09-30       506       

سەرۆکى رووسیا لکاندنی چوار ناوچەى ئۆکرانیاى بە روسیاوە راگەیاند کە پێش چەند رۆژێک ریفراندۆمى تێدا ئەنجامدرابوو وە 15%ى خاکى ئۆکرانیا پێکدەهێنن.

ئاوێنه‌: ڤلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا لە مەراسیمێکدا لە مۆسکۆ رایگەیاند، رێككەوتنێك ئیمزا دەكەین بۆئەوەی ناوچەكانی (لۆهانسك)‌و (دۆنیتسك)‌و (زابۆروجیا)‌و (خیرسۆن) بخەینە سەر روسیا، ئەو چوار ناوچەی ئۆكراینا دەبن بە ناوچەی نوێی روسیا، چونكە ئەمە ئیرادەی ملیۆنان كەسی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیە. 

پۆتین داوای لەسەرۆکى ئۆکرانیا کرد كرەوە سەربازییەكانی رابگرێت‌و بگەڕێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ‌و هەر ئێستا كردەوە سەربازییەكان رابگرێت‌و دەست بە دانوستان بكات. 

سەرۆکى روسیا وتیشى، رژێمی كیێڤ دەبێت رێز لە ئیرادەی گەل بگرێت، چونكە ئێمە بە هەموو ئامرازێك بەرگری لەو زەویانە دەكەین، هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بڕیاریانداوە بچنە پاڵ روسیا‌و ئەمە مافی خۆیانە.. ئامادەین بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ كیێڤ، بەڵام بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی راپرسی ئەو ناوچانە. 

هەروەها پۆتن وتیشی" دەستەبژێری ئەوروپا نایەوێت چارەسەرێكی كرداریی بۆ قەیرانی وزە بدۆزێتەوە كە بەهۆی سیاسەتەكانی خۆرئاواوە دروستبووە، ناگەڕێینەوە بۆسەر ئەو سیستەمە جیهانییەی كە تێیدا بووین، خۆرئاوا لە بڵاوكردنەوەی پروپاگەندەی درۆ دژی ئێمە ناكشێتەوە، بەڵام ئەو درۆكردنانە لە زستاندا ئەوروپییەكان گەرم ناكاتەوە". 

هاوکات سەرۆکى روسیا لەبارەى ئەمریکاشەوە ئەوەى خستەڕوو، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە ئەمریكا توانی دەسەڵاتی دۆلار بەسەر جیهاندا بسەپێنێت، ناتوانیت بە دۆلاری كاغەزو یۆرۆ سكی خەڵك تێربكەیت، بەپارەی مەجازی ماڵەكەت گەرم بكەینەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×