سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاك) باس لەوە دەکات، کە بێدەنگیی سەرکۆماری عێراق لەجێگەی خۆیدا نییە، دەبوو پێش هەموو کەسێک بهاتبایەتە دەنگ، چونکە دەستدرێژیی بۆ سەر خاکی عێراق کراوە. دەشڵێت: "قەباحەتتر لە هەر شتێک ئەوەیە، پێمان وایە هەندێک لە هێرشەکان لە دەوروبەری کەرکووکەوە کراونەتە سەر ئێمە".
حوسێن یەزدان پەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاك) بە میدیایهكی پارتی راگەیاند: "ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستییەی سەركۆماری عێراق لەجێی خۆیدا نییە، چونکە سەرکۆمار دەبوو پێش هەموو کەس بهاتایەتە دەنگ، لەکاتێکدا دەگوترێ کە لە رووی دەستوورییەوە هەرێم بەشێکە لە عێراق و بەجۆرێک، ئەگەرچی پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمە، بەڵام لە دیمەنە گەورەکەدا پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، گومانیشم لەوە نییە، کە بەرپرسانی حەشدی شەعبی و بەرپرسانی سوپای قودس لەو هێرشانەدا هاوکار بوون، دوو شت لێرەدا جێگەی سەرنجە، لەلایەک 10 درۆن خۆی بە ئێمەدا تەقاندەوە، ئایا ئەو درۆنانە لەنێو سنوورەکانی ئێرانەوە هاتوون، یان لە دەوروبەری کەرکووکەوە؟ دەبێ شارەزایانی بواری درۆن لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، بزانن ئایا توانای درۆنەکان ئەوەندەیە بگەنە پردێ، لەلایەکی دیکەوە، بە هەندێک چەک لێمان درا، کە گومانمان نییە لە ئێرانەوە نەهاتوون، بۆیە قەباحەتتر لە هەر شتێک ئەوەیە، پێمان وایە هەندێک لە هێرشەکان لە دەوروبەری کەرکووکەوە کراونەتە سەر ئێمە".
یەزدان پەنا گوتیشی: "شەش مووشەکی جۆری بالیستی لە سنوورەکانی سەردەشت لە ئێرانەوە هاوێژراون، هەندێک هاژەکی دیکە، کە ئایا گراد، یان جۆرە چەکێکی دیکە بوون، ئێمە دڵنیاین، کە لە پردێ یان دەوروبەری کەرکووکەوە هاوێژراون، چونکە لە هەندێک شوێن حەشدی شەعبی رووی مووشەكی بالیستی لە پردێ و هەولێر کردووە".
هاوکات سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان دەڵێ: "بڕوام وایە، کە عێراق سەروەری نە بەسەر ئاسمانیدا، نە بەسەر زەویدا و نە بەسەر ئاویدا نییە، ئەوەی دەبینین و دەزانین دامو دەزگاکانی عێراق لە کۆنترڵی ئێراندان، چ دامەزراوە ئەمنییەکان، چ لەشکرییەکان، چ سیاسییەکان لەژێر هەژموونی ئێراندا بڕیار دەدەن".