گرووپێکی مافەکانی مرۆڤ: تاوه‌كو ئێستا له‌ ئێران لانیکەم 83 خۆیشاندەران کوژراون
  2022-09-30       448       

دەوڵەت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردەوە، لە چەند شارێکی سەرتاسەری ئێران لە دژی کوشتنەکەی ژینا ئەمینی خۆپیشاندان و ناڕەزایی هەروا بەردەوامە، لە کاتێکدا گرووپێکی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەی خۆپیشاندانەکاندا لانیکەم 83 کەس کوژراون.

ئاوێنه‌: لە دوای خۆپیشاندانە گەورەکانی هاوڵاتیانی ئێرانەوە لە ساڵی 2019 دا دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سوتەمەنی و بارودۆخی سەختی ئابوری کە دەسەڵاتدارانی ئێران سەرکەوتیان کرد؛ لەو سەروەختەوە تا ئێستاکە خۆپیشاندانەکانی ئێستا دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بووە مایەی یەکەمین گەورەترین خۆپیشاندانی لە شەقامەکانی ئێراندا.

گروپی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "بەهۆی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئێرانەوە بەلایکەمەوە 83 کەس کوژراون کە منداڵیشیان تیادایە و پشتڕاستکراوەتەوە."

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان و سەرکوتکردنی توندی دەسەڵاتداران، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تویتەر بڵاوکراونەتەوە، ئەوە نیشان دەدەن کە خۆپیشاندەران لە شارە گەورەکانی وەک تارانی پایتەخت، قوم، ڕەشت، سنە، مەسجدی سولەیمان و شارەکانی دیکەش داوای ڕووخانی دەسەڵات و مەرگی دیکتاتۆر و مەرگی ڕێبەری باڵای ئێران خامەنەیی دەکەن.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە: پۆلیس ژمارەیەکی زۆر لە " ناڕەزاییان"ی دەستگیرکردووە، بەبێ ئەوەی ئامارەکان بخاتەڕوو.

ڕێکخراوی مافەکانی ژنان داوا لە دامەزراوەی نێودەوڵەتی فیفا دەکات ئێران لە مۆندیال دەربکات.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە؛ دەیان چالاکوان و خوێندکار و هونەرمەند دەستبەسەرکراون و کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە تویتەر ڕایگەیاندووە، زانیویانە کە هێزە ئاسایشییەکانی ئێران تا 29ی مانگی نۆ لانیکەم 28 ڕۆژنامەنووسیان دەستگیرکردووە.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە دەیانەوێت یەکێتی ئەوروپا دوای کوشتنی ژینا ئەمینی سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

پۆلیسی نەرویج ڕایگەیاند؛ لە خۆپیشاندانێکی تووڕەئامێزدا چەند کەسێک هەوڵیانداوە بچنە ناو باڵیۆزخانەی ئێران لە ئۆسلۆ کە تێیدا دوو کەس برینداربوون. پەخشی گشتی ئێن ئاڕ کەی بڵاویکردەوە، پۆلیس 95 کەسی دەستبەسەر کردووە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند "نائارامییەکە دوایین هەنگاوی زلهێزە دوژمنکارەکانی ڕۆژئاوایە لە دژی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979ەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×