وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، وڵاتەكەی سزای بەسەر 25 بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازیی و هەروەها نۆ دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند، ئەوەش بەهۆی رۆڵی راستەوخۆی ئەو بەرپرس و دامەزراوانە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندو زانیاری ناڕاستیی حكومەتی ئێران.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە لەنێو ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئێراندا كە سزا نوێیەكانی كەنەدا دەیانگرێتەوە، هەریەك لە محەمەد حسێن باقری سەرۆكی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی سەربە سوپای پاسداران، محەمەد رۆستەمی چەشمەگەچی فەرماندەی پۆلیسی ئاكار و ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی ئێران هەن.
هەروەها لەنێو ئەو دامەزراوە ئێرانییانەی كە سزاكان دەیانگرێتەوە فەرماندەیی بەرگریی ئەلیكترۆنی سوپای پاسداران، زیندانی ئەوین، پۆلیسی ئەخلاق و وەزارتی ئیتلاعات هەن.
مێلانی جولی، وەزیری دەرەوەی كەندا رایگەیاندوە، پەیامی ئێمە بۆ ئێران رونە: ئازارو ئەشكەنجەی بەردەوام و سیستماتیكی ژنانی ئێرانی دەبێت رابگیرێت و بەرپرسانی ئێران دەبێت لەبەرامبەر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و كەمتەرخەمی بەرامبەر بە گیانی مرۆڤ، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
جەختیشی كردۆتەوە كە كەنەدا ستایشی ئازایەتی و ناڕەزایەتی ئێرانییەكان دەكات كە خەبات لەپێناو ماف و كەرامەتی خۆیان دەكەن و پشتیوانیشیان دەكات.