وه‌زیرێكى حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان په‌یامێكى گرنگ ئاراسته‌ى ھەدەپە دەکات
  2022-10-04       825       

وەزیری دادی تورکیا ئاشكرایكرد، دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەهەڵبژاردنی داهاتوی ئەو وڵاتە بۆ سەرکەوتنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا یەکلاکەرەوە دەبێت.

ئاوێنە: بەکر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا لەمیانی بەشداریکردنی لەئاهەنگێک لەویلایەتی کیرشەهیری تورکیا وتی:"هاوپەیمانی (نەتەوە)ی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ناتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەبێ بونی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان".

جەختیشیکردەوە، ئەگەربێت‌و دەنگدەرانی هەدەپە دەنگ بەکاندیدی هاوپەیمانی (نەتەوە) نەدەن، ئەوە شکستدەهێنن.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بوزداغ ڕویکرده‌ پارتی دیموکراتی گەلان‌و وتی:"پارتەکانی هاوپەیمانی نەتەوە پێویستیان بەدەنگەکانی ئێوەیە، بەڵام خۆیان بەشەرمەزار دەزانن ئەگەر لەسەریەک مێز لەگەڵ ئێوە دابنیشن، تەنانەت ترسیان هەیە وێنەیەکیشتان لەگەڵدا بگرن".

ئەو وەزیرەی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئه‌وه‌شى وت:"ئەو پارتانە لەکاتێکدا پێویستیان بەدەنگی ئێوەیە نایانەوێت لەسەریەک مێز لەگەڵتاندا دابینشن، کەواتە دوای دەنگدان‌و ئەوکاتەی کاریان پێتان نامێنێت چۆن مامەڵەتان لەگەڵدا دەکەن؟".

هاوپەیمانی نەتەوە کە لەشەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پێکهاتوە، ڕێگەیان نەدا پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بچێته‌ ناو ڕیزەکانیانەوە، بەوپێیەی ترسیان هەیە نەژادپەرستانی تورکیا وەک پاڵپشتیکەری تیرۆر تۆمەتبارییان بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×