پشكی عێراق لە بڕیارەكەی ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشكراكرا
  2022-10-05       523       

ئۆپیك پڵەس بڕیاریدا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە مانگی داهاتوەوە بە نزیكەی دو ملیۆن بەرمیل كەمبكاتەوە، كۆمپانیای نیشتمانی بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) دەڵێت، پشكی عێراق لەو بڕی كەمكردنەوەیە، 220 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت.

ئاوێنە: عەلا یاسری، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ، بە ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراقی وت، بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئۆپیك پڵەس، رێگردەبن لە دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت و دەشبێتە مایەی بەرزبونەوەی نرخ بەتایبەت دوای ئەوەی لەماوەی چەند رۆژو مانگی دواییدا، نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەگەر بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت نەدرایە، ئەوا رەنگبو نرخی نەوت بەردەوام بوایە لە دابەزین تا دەگەیشتە 50 دۆلار.

وتوشیەتی، پشكی عێراق لەو كەمكردنەوەیەی بەرهەمی نەوت، 220 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەبێت.

عەلا یاسری، ئاماژەی بەوەداوە كە كەمكردنەوەكە كاریگەری لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق نابێت و بەهەمان بڕی ئێستای دەمێنێتەوەو كەمكردنەوەكە لە رێگەی بەكارهێنانی ناوخۆوە چارەسەردەكرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×