بایدن: پۆتین گاڵتە ناكات كاتێك باسی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكات
  2022-10-07       533       

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، هەڕەشەكەی ڤیلادیمێر پوتین بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی، گەورەترین مەترسییە لەدوای قەیرانی موشەكەكانی كوبا لە ساڵی 1962ەوەوە، روبەڕوی جیهان دەبێتەوە.

ئاوێنە: جۆ بایدن، دوێنێ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ ئەندامانی پارتەكەی رایگەیاند، پوتین كاتێك لەبارەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی تەكتیكی، بایۆلۆژی یان كیمیاییەوە قسە دەكات، "گاڵتە ناكات" چونكە "سوپاكەی بەشێوەیەكی بەرچاو لاوازی خۆی نیشان داوە."

وتیشی، لەدوای قەیرانی موشەكەكانی كوباوە لە ساڵی 1962، ئێستا مەترسی هەڕەشەی ئەتۆمی گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی خۆی.

لە ساڵی 1962، ئەمریكاو یەكێتی سۆڤێتی جاران، نزیكبونەوە لە شەڕیی ئەتۆمی، كاتێك یەكێتی سۆڤێت موشەكی ئەتۆمی لە كوبا جێگیركرد.

بایدن ئاماژەی بەوەشدا بەكارهێنانی چەكی تەكتیكی دەكرێت بەشێوەیەكی خێرا لە كۆنترۆڵ دەربچێت‌و ببێتەهۆی كۆتایی جیهان.

چەند مانگێكە بەرپرسانی ئەمریكا هۆشداری دەدەن لەوەی كە روسیا لە حاڵەتی شكستهێنان لە مەیدانی شەڕی ئۆكرانیادا، رەنگە پەنابەرێتە بەر چەكی كۆمەڵكوژ.

ڤیلادیمێر پوتین پێشتر هەڕەشەی ئەوەی كردوە كە بۆ پاراستنی خاكی روسیا، هەر ئامڕازێك بەكاردەهێنێت كە لەبەردەستیدایە.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×