بەریتانیا سزای بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و چەند بەرپرسێكی ئەمنیی ئێراندا سەپاند
  2022-10-10       454       

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سزای بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و چەند بەرپرسێكی ئەمنی ئێراندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی توندوتیژییەكانیان دژبە ژنان و هەوڵدان بۆ سەركەوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی ئەو وڵاتە.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە مەرگی ژینا ئەمینی لەدوای دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانییەوە، ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری ئێران بەدوای خۆیدا هێناوەو جیهانیشی توشی شۆك كرد.

جەختیشی كردۆتەوە كە پۆلیسی ئەخلاقی ئێران، چەندین ساڵە، هەڕەشەو توندوتیژی و دەستگیركردنی ژنان بەكاردەهێنێت لەپێناو سەپاندنی حیجاب.

وتوشیەتی، لەبەرامبەر ئەوەدا بەریتانیا، ئەمڕۆ سزای بەسەر دامەزراوەی پۆلیس ئەخلاق و هەروەها فەرماندەی ئەو دامەزراوەیەداو بەرپرسی پۆلیسی ئەخلاقی تاراندا سەپاند.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە وڵاتەكەی سزاشی بەسەر چەند بەرپرسێكی ئەمنی دیكەی ئێرانیدا سەپاندوە لەوانە: فەرماندەی هێزی بەسیج لە سوپای پاسداران، فەرماندەی هێزە تایبەتەكانی پۆلیس و فەرماندەی گشتی پۆلیسی ئێران.

جەختیشی كردۆتەوە كە هێزی بەسیج و هێزی تایبەتی پۆلیسی ئێران رۆڵێكی بەرفروانیان هەبوە لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بۆ سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان لە ئێران، وێڕای ئەوەی رۆڵیشیان هەبوە لە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019ی ئێراندا.

جەیمس كلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاندوە، بەریتانیا لە پشت خەڵكی ئێران دەوەستێت كە بەوپەڕی ئازایەتییەوە داوای لێپرسینەوە لە حكومەتەكەیان و رێزگرتنی بنەڕەتییەكانیان دەكەن.

ئاماژەی بەوەشداوە "ئەم سزایانە پەیامێكی رونن بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران كە ئێمە ئێوە بە بەرپرسی سەركوتكردنی ژنان و كچان و ئەو توندوتیژییە شۆكهێنەرە دەزانین كە دژبە خەڵكەكەی خۆتان بەكاری دەهێنن."

بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران و هەوڵی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە بۆ سەركوتكردنیان، تاوەكو ئێستا ئەمریكاو كەنەدا سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندوەو هەروەها یەكێتی ئەوروپاش خەریكی تاوتوێكردنی سەپاندنی سزایە بەسەر تاراندا.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×