ئامارێكی نوێی كوژراوانی ناڕەزایەتییەكانی ئێران: لانیكەم 201 هاوڵاتی كوژراون
  2022-10-12       391       

رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، لانیكەم لە ناڕەزایەتییەكانی چەند هەفتەی رابردوی ئێراندا 201 هاوڵاتی كوژراون و دەشڵێت، لە دو رۆژی رابردودا لە سنە سەركوتكردنێكی خوێناوی رویداوەو لە لێكۆڵینەوەدان لەبارەی كوژراوانی ئەو دو رۆژەوەو داواش لە كۆمەڵگەی جیهانی دەكات كاردانەوەیان هەبێت و رێگری بكەن لە كوشتنی خەڵكی سنە.

ئاوێنە: رێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راپۆرتێكدا رایگەیاندوە، لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییەی سەرتاسەری ئێراندا لانیكەم 201 هاوڵاتی ناڕازی كوژراون كە پێدەچێت لەنێویاندا 23 منداڵ هەبن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لێكۆڵینەوەكانی رێكخراوەكەیان بەردەوامە لەبارەی كوژراوانی دو رۆژی رابردوی سەركەوتكاریی خوێناوی هێزە ئەمنییەكان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان.

مەحمود ئەمیری مقەدەم، بەڕێوەبەری رێكخراوەكە لەوبارەیەوە وتویەتی"كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بە دەربڕینی هەڵوێستی خێرا رێگری لە كوشتاری خەڵكی سنە بكات."

جەختیشی كردۆتەوە كە شاری سنە لە سێ رۆژی رابردودا سەركوتكارییەكی خوێناوی بەخۆیەوە بینیوەو ئاماری ئەو كوژراوانەی كە ئەمڕۆ بڵاویان كردۆتەوە هێشتا كوژراوانی ئەم سێ رۆژەی دوایی سنە لەخۆناگرێت و لەو بارەیەوە خەریكی لێكۆڵینەوەو بەدواداچونن.

بەپێی ئاماری رێكخراوەكە، ئەو 201 كوژراوەی ناڕەزایەتییەكان بەمجۆرە بەسەر  18 پارێزگای ئێراندا دابەشبون: 93 كەس لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، 28 كەس لە پارێزگای مازندەران، 14 كەس لە پارێزگای سنە، 12 كەس لە پارێزگای گەیلان، 12 كەس لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا(ورمێ)، 11 كەس لە تاران، 8 كەس لە كرماشان، 8 كەس لە ئەلبورز، 3 كەس لە خۆراسانی رەزەوی، 3 كەس لە ئەسفەهان، 2 كەس لە قەزوین، 2 كەس لە كەهگلیویەو بویرئەحمەد، 2 كەس لە زەنجان، 2 كەس لە ئازەربایجانی رۆژهەڵات، 1 كەس لە ئیلام، 1 كەس لە بوشەهر، 1 كەس لە سەمنان، 1 كەس لە خوزستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×