بایدن: كوڕەكەم بەهۆی عیراقەوە گیانی لەدەستدا
  2022-10-13       809       

جۆ بایدن سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەڵێت، كوڕە گەورەكەی بەهۆی عیراقەوە گیانی لەدەستداوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كوڕە گەورەكەی بەهۆی شێرپەنجەوە مردووە.

سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا بڵاویان كردووەتەوە، جۆ بایدن جارێكی تر لە قسەكردندا هەڵەیەكی گەورەی كردووە و لە وتەیەكدا لە كۆلۆرادۆ كە سەبارەت بەو سەربازانەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەشدار بوون قسەی كردووە وتویەتی، كوڕەكەی كە ئەستێرەی برۆنزی و مەدالیای خزمەتی تایبەتی وەرگرتووە لە عیراق ژیانی خۆی بەخشی.


سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكی جەختیان لەوەش كردووەتەوە، كوڕە گەورەكەی بایدن كە ناوی "بۆو"یە لە ساڵی 2015 بەهۆی شێرپەنجەی مۆخەوە گیانی لەدەستداوە.


تۆڕی "فۆكس نیوز" ئاشكرای كردووە، پەیوەندییان بە كۆشكی سپییەوە كردووە تاوەكو رونكردنەوە لەسەر ئەو قسانە بدەن، بەڵام هیچ وەڵامێكیان دەست نەكەوتووە.
پێشتریش بایدن لە ساڵی 2019 ئاماژەی بەوەدابوو، كوڕەكەی كاتێك لە عیراق گەڕاوەتەوە تووشبووی شێرپەنجەی مۆخ بووە و لە قۆناغی چواری نەخۆشیەكەدا بووە، 18 مانگ ژیا لەكاتێكدا دەیزانی كە دەمرێت.

بۆو لە تەمەنی 46 ساڵیدا گیانی لەدەستدا و رۆژنامەی "واشنتن ئێكزامینەر" ئاشكرای كردووە، بۆو سەربازی یەدەگی پاسەوانی نیشتمانی ئەمریكا بووە هەندێك بۆچوون باس لەوە دەكەن، كە هۆكاری نەخۆشكەوتنی بەهۆی سوتانی بەشێك لە جەستەیەوە بووە بە مادەی ژەهراوی لەكاتی خزمەتكردنی لە عیراق، پێشتریش بایدن باسی لەو روداوە كردووە و وتوشیەتی، بەڵام ناتوانێت ئەوە بسەلمێنێت.


هەندێك لە میدیاكان و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، جۆ بایدن بەهۆی زۆری تەمەنییەوە كێشەی تەندروستی و یادەوەری هەیە، كە ئێستا تەمەنی 79 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×