یاسایەكی نوێ لە توركیا كە لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشكەش كراوە هەڕەشە لە "ئازادی رادەربڕین" دەكات
  2022-10-14       496       

دوێنێ پێنجشەممە، پەرلەمانی توركیا یاسایەكی نوێی لەبارەی كاری میدیاو راگەیاندن پەسەندكرد كە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاوە پیشكەشكراوە. یاساكە سزای ساڵێك تا سێ ساڵ زیندانی بەسەر رۆژنامەنوسان و بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەسەپێنێت بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی "زانیاری ناڕاست و چەواشە." ئەوەش وەك هەڕەشەیەك بۆ ئازادی رادەربڕین لێكدەدرێتەوە.

ئاوێنە: یاسا نوێیەكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێگەكانی ئینتەرنێتی پابەندكردوە بەوەی كە وردەكاری كەسی لەبارەی "تۆمەتبارن" پێشكەش بكەن، كە ئەوەش لەسەر ئاستی ناوخۆی توركیاو دەرەوە نیگەرانی گەورەی لەبارەی هەڕەشە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا رەخنەی لە یاسا نوێیەكە گرتوەو رایگەیاندوە، ئامانج لێی بێدەنگكردنی رەخنەگرانی حكومەتە بەر لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی توركیا كە بڕیارە ساڵی داهاتو بەڕێوەبچێت.

ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای لە وڵاتانی ئەوروپاو چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ و راگەیاندن كردوە كاربكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساكە.

وێڕای داوای چەند وڵاتێكی ئەوروپی و چالاكوانانی راگەیاندن و مافەكانی مرۆڤ، یاساكە لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لەگەڵ پەرلەمانتارانی مەهەپە بەزۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان پەسەندكرا.

ماددەی 29ی یاساكە نیگەرانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە لەبارەی ئازادی رادەربڕین كە باس لەوە دەكات، ئەوانەی "زانیاری ناڕاست و چەواشە" لە ئینتەرنێت لەبارەی ئاسایشی توركیا بڵاودەكەنەوەو دەبنە مایەی "دروستكردنی پشێوی و تیكدانی سەقامگری گشتی" سزای ساڵێك تا سێ ساڵیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

رەخنەگرانی یاساكە دەڵێن، هیچ پێناسەیەكی رون و دیاریكراو بۆ دەستەواژەی "زانیاری ناڕاست و چەواشە" كە لە یاساكەدا هاتوە نییە، ئەوەش مەترسی ئەوەی لێدەكرێت، دەسەڵات بەكاری بهێنێت دژبە ئۆپۆزسیۆن.

یاساكە دەنێردرێت بۆ سەرۆككۆمار تا رەزامەندی كۆتایی لەسەر پەسەندكردنی بدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×