حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر هەڵوێستی بەرپرسانی ئەوروپا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەیو رایگەیاند، ''ئێران وڵاتێک نییە کودەتا تێیدا روبدات''.
ئاوێنه: بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جۆزێپ بۆرێڵ، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا لەسیاسەتی دەرەکیو کاروباری ئاسایش ئەنجامداوەو تیایدا خۆپیشاندانەکانی ئێران و دانوستانەکانی ئەتۆمی تاوتوێ کردووە.
سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ئەو خۆپیشاندانانەی ئێرانی گرتووەتەوە، عەبدوڵاهیان رایگەیاندووه، ''گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی مایەی نیگەرانییە بۆ هەموومان. لەو چوارچێوەیەشدا بە چاودێری پسپۆڕانی پزیشکی لەلایەن دەستەی پزیشکی دادوەرییەوە راپۆرتێکی دروست و زانستیی پێشکەش کراوە''.
عەبدوڵاهیان باسی لەوە کردووه کە هەنگاوەکانی دادگا لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو کچە گەنجەوە درێژەی هەیە، ''بێگومان ئەم دۆسیەیە بۆ هەندێک بەرپرسی خۆرئاوا بووەتە بەهانە، خۆرئاوا چی کردووە لە بەرامبەر سەدان دۆسیەی کوشتنی ژن و منداڵان لەلایەن پۆلیسەوە، بە تایبەت لە کەنەدا و ئەمریکا؟ لە کاتێکدا هەمان کردار کە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا لە ئێراندا روویدا بە سەرکوت هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەورووپا کە بە توندترین شێوەی رووبەڕووی راپەڕینەکان دەبێتەوە ناکرێت ئەو کردەوەیەکی بە باشی و قبوڵکراو تەماشا بکرێت''.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئهوهشی وتووه، "پێویستە داخوازی ئاشتیانە و کردەی تیرۆریستیی و پشێوینانەوە لە یەکتری جیابکرێتەوە، ئێران وڵاتێک نییە کودەتا تێیدا روبدات''.
سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەن بۆ روسیا بەمەبەستی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکراینادا، عەبدوڵاهیان وتویهتی، ''لەگەڵ رووسیادا هاریکاریمان هەیە لەبارەی بەرگریی، بەڵام سیاسەتمان بۆ جەنگی ئۆکراینا نەناردنی چەکە بۆ لایەنەکانی شەڕەکە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگ و کۆتاییهێنان بە ئاوارەبوونی خەڵک''.