راوێژكارێكی زێلێنسكی: ئێران بەرپرسیاری كوشتنی ئۆكرانییەكانە
  2022-10-17       586       
ئەمڕۆ دوشەممە، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە ئاسمانی كیێڤ. بەرپرسانی ئۆكرانیا دەڵێن: ئەو درۆنانە ئێرانین. وێنە: GETTY IMMAGES

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، جارێكی دیكە روسیا چەند شوێنێكی لەنێو شاری كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا بە درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆردومان كرد. ئۆكرانیا دوپاتیدەكاتەوە كە ئەو درۆنانە ئێرانین و داوا لە یەكێتی ئەوروپا دەكات بەوهۆیەوە سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. راوێژكارێكی سەرۆكی ئۆكرانیاش دەڵێت، ئێران بەرپرسیاری كوشتنی ئۆكرانییەكانە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، لەدوای هێرشە درۆنییەكەی روسیا بۆ سەر كیێڤی پایتەخت، دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا داوای لە یەكێتی ئەوروپا كرد، بەهۆی ناردنی درۆن بۆ روسیا، سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

بەوتەی سەرۆكی شارەوانی كیێڤ لەو هێرشەی ئەمڕۆدا چوار كەس كە یەكێكیان ژنێكی دو گیان بوە، كوژراون.

ئۆكرانیا پیشتریش رایگەیاندبو، ئەو درۆنانەی كە لە هێرشە بەرفراوانەكانی هەفتەی رابردودا بۆ سەر وڵاتەكەیان لەلایەن روسیاوە بەكارهێنراون، دروستكراوی ئێرانن.

هەر سەبارەت بەو هێرشە درۆنیانە، ئەمڕۆ میخایلۆ پۆدۆلیاك، راوێژكاری ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سەرۆك كۆماری ئۆكرانیا لە تویتێكدا ئێرانی بە "بەرپرسیاری كوشتنی ئۆكرانییەكان" ناوبرد.

ئەو لە تویتەكەیدا نوسیویەتی"وڵاتێك كە خەڵكەكەی خۆی سەركوت دەكات، ئێستا لە دڵی ئەوروپادا چەكی كۆمەڵكوژ دەداتە روسیای دێوئاسا."

میخایلۆ پۆدۆلیاك-یش داوای كردوە سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت.

هەفتەی رابردو، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سەرۆك كۆماری ئۆكرانیا، لەدوای هێرشە بێ پێشینەكانی روسیا بۆ سەر كیێڤ و چەند شارێكی دیكەی ئۆكرانیا، رایگەیاند، لەو هێرشانەدا درۆنی "شاهید" كە دروستكراوی ئێرانە، بەكارهاتوە.

لەدوای هێرشەكانی ئەمڕۆی روسیا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوپاتیكردەوە كە وڵاتەكەی لە شەڕی ئۆكرانیادا بێلایەنەو وتی، ئێران "هیچ چەكێكی بۆ هیچ یەك لە لایەنەكانی شەڕ نەناردوە."

بەڵام مۆسكۆ لەبارەی ئەو پرسەوە بێدەنگی هەڵبژاردوەو تا ئێستا لێدوانی نەداوە. هەرچی وڵاتانی رۆژئاوایە، هۆشدارییان داوە لەبارەی دەستوەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی ئۆكرانیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×