رایتس ۆوچ: دەبێت لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ بكرێت لەبارەی ئەوەی لە زیندانی ئێڤین رویدا
  2022-10-18       485       
دیمەنێكی زیندانی ئێڤین لەدوای ئاگركەوتنەوەكەی شەوی شەممەی رابردو، وێنە: پێگەی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ئێران

دوای ئەوەی شەوی شەممەی رابردو لە زیندانی ئێڤینی تاران ئاگرێكی گەورە كەوتەوەو دەنگی تەقینەوەو تەقە لە زیندانەكە بیسترا، رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ دەڵێت، دەبێت لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ بكرێت بۆ رونكردنەوەی ئەوەی لەو شەوەدا لە زیندانەكە رویداوە.

ئاوێنە: لە راپۆرتێكدا رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ لەبارەی روداوەكانی شەوی شەممەی نێو زیندانەكە، رایگەیاندوە، هێشتا نازانرێت چ شتێك بۆتە هۆی ئاگركەوتنەوەكەی شەوی شەممە لە زیندانی ئێڤین.

كۆمەڵگەی زیندانی ئێڤین لە تاران هەزاران زیندانی لە خۆی دەگرێت لەنێویاندا زیندانی سیاسی، بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ، رۆژنامەنوسان، چالاكوانان و ئەو كەسانەی هەڵگری دو رەگەزنامەن. رێكخراوەكە وتویەتی، لە بنەڕەتدا ئەو كەسانە نەدەبون زیندانی بكرێن.

بەگوێرەی قسەی ئاژانسی هەواڵیی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤی ئێران، زۆربەی ئاڵۆزی و توندوتیژییەكانی ئەو شەوە، لە بەشی هی زیندانەكە رویداوەو دواتر هێزە ئەمنییەكانی دەرەوە لەگەڵ پاسەوانانی زیندانەكە هێرشیان كردۆتە سەر زیندانیان.

بەپێی راپۆرتێكی ئەو ئاژانسە، هێزە ئەمنییەكان بە چەكی ساچمەیی و هەروەها گوللـەی گەرم، هێرشیان كردۆتە سەر زیندانییەكان و بەشێك لە زیندانییەكاندا بردۆتە حەوشەی زیندانەكەو روتیان كردونەتەوەو لەسەر سك پاڵیان خستون و لێیان داون. بەگوێرەی ئاژانسەكە سێ زیندانی سیاسی بە ساچمە برینداربون.

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی، چەندین زیندانی سیاسی كە لە بەشە جیاوازەكانی زیندانەكەن و توانیویانە بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ خانەوادەكانیان بكەن، باسیان لەوە كردوە كە گازی فرمێسكڕێژیان بەركەوتوە.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە دەیان چالاكوان و زیندانی سیاسی پەیوەندی تەلەفۆنی كورتییان لەگەڵ خانەوادەكانیان هەبوەو چەندین كەسی دیكەش كە لە بەشی 8ی زیندانەكەن و روبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە، هێشتا هیچ هەواڵێك لەبارەیانەوە نییە.

پێگەی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ئێران باسی لەوە كردوە كە "شەڕو پێكدانانی نێوان بەشێك لە زیندانیانی سزادراو لەسەر دزی و تاوانی دارایی" بۆتە هۆی ئاگركەوتنەوە لە شوێنكارێكی زیندانەكەداو وتوشیەتی، لە ئەنجامی تەنگەنەفەسی هەشت كەس گیانیان لەدەستداوەو 61 كەسی دیكەش برینداربون.

سەرەتا ئاژانسی فارس نیوز كە نزیكە لە ئیتڵاعاتی ئێرانەوە، وتبوی، ئاگركەوتنەوەو تەقینەوەكان لەئەنجامی هەڵاتنی بەشێكی لە زیندانیان بوە لە زیندانەكە، بەڵام دواتر بەخێرایی ئەو هەواڵی سڕییەوەو رەتیكردەوە.

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی "بەرپرسانی ئێران تۆمارێكی شەرمهێنەریان لە هەڵاتن لە سزا هەیەو دەبێت هەڵمەتە بێ بەزەییە بەردەوامەكەیان دژبە خۆپیشاندەران و چالاكوانان، نیگەرانی زیاتری لەبارەی ئەو توندوتیژییەوە لێ بكەوێتەوە كە دژبە زیندانیان ئێڤین بەكاری دەهێنن."

جەختیشی كردۆتەوە كە دەسەڵاتداران بەرپرسن لە سەلامەتی و ئاسایشی هەمو ئەوانەی لە زینداندان و پێویستیشە لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ بكرێت بۆ رونكردنەوەی ئەوەی لە زیندانی ئێڤین رویداو ئەو پێشێلكارییانەی كە دەكرێت ئەنجام درابن.

وتوشیەتی"لە ئێستادا دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران، لەبارەی تەندروستی زیندانیانی ئێڤین، زانیاری بدەنە خانەوادەكانیان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×