ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ئیسرائیلییەکان وردەکاریی بەشداریکردنی حەشدی شەعبیو حزبوڵڵای لوبنانی لەسەرکوتکردنی خۆپیشاندانهكانى ئێراندا ئاشكرادهكهنو ڕایدهگهیهنن، ئهو هێزانه هاوكاریى بهسیجو هێزهكانى ترى ئێران دهدهن.
ئاوێنه: ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" بەپشتبەستن بەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوەکردوە، ئەو زانیارییانە پشتڕاستکراوەنو لەڕێگهی تۆماری ڤیدیۆیی ئەوکەسانە دیکۆمێنتکراون کە بەزمانی عەرەبیی عێراقیو لوبنانی قسەیانکردوەو لەشارە جیاوازەکانی ئێراندا بەشداریی لێدانو سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانیان کردوە.
بەهۆی ئەوەی ماوەی زیاتر لەمانگێکە خۆپیشاندانو ناڕەزایی جەماوەریی سەرتاسەری ئێرانی گرتۆتەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە جگە لەهێزەکانی "بهسیج"، یان ئەوانەی بە"خاوەن جلە مەدەنییەکان" ناسراون، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لەهێزە ئەمنییەکانیشی کۆکردۆتەوە، دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش بەپشتەستن بەلێدوانی چەند سەرچاوەیەکی حکومیی ئاشکرایانکردوە کە هێزە ئەمنییەکان بەهۆی توندی ڕادەی خۆپیشاندانەکانەوە شەکەتو ماندوبون کە پێدەچێت هەر ئەوەش هۆکاری پەنابردنی تاران بێت بۆ هێنانی ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنانیو حەشدی شەعبی عێراقی.
هەروەک ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ڕۆژنامە عیبرییەکە کردوە ئاماژەیان بەوەداوه، شێوەزاری ئەوانەی بەعەرەبیی قسەیانکردوە شێوەزارێکی عەرەبی لوبنانی بوەو هاوشان لەگەڵ هەزاران لەهێزەکانی بەسیجو پاسدارانو هێزەکانی پۆلیس، ڕۆڵێکی گەورەیان لەسەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا گێڕاوە.
لای خۆیشییەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی حزبوڵڵای لوبنانی هەموو زانیارییەکانی ناو ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکەیان ڕەتکردۆتەوەو ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەوان بەگشتیی وەڵامی چەواشەکارییەکانی میدیای ئیسرائیلی نادەنەوە.
باسیان لەوەشکردوە، ئێرانێک خاوەنی 85 ملیۆن دانیشتوانە، بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان چی پێویستییەکیان بەئەندامانی حزبوڵڵا هەیە یان حهشدى شهعبى ههیه؟.
هەروەک موعین کازمی سەرکردە لەهێزەکانی حەشدی شەعبی ڕەتیکردۆتەوە ئەندامانی ئەوان لەسەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێراندا بەشدارییانکردبێت.
جەختیشانکردۆتەوە، ئەو زانیارییانەی ناو ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، سەرلەبەر ڕەتدەکەنەوە.
ڕۆژنامەکە وەک پاڵپشتییەک بۆ زانیارییەکانی ئاماژەی بەڕاپۆرتێکی ساڵی 2009ی کەناڵی "بی بی سی" فارسی کردوە کە تێیدا دەردەکەوێت چەند کەسێک لەهێزەکانی بەرەنگاربونەوەی ئاژاوەگێڕیی کە بهشێوەزارە عەرەبییەکان قسە دەکەن، خەریکی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانن کە بەرامبەر بەدەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەوساڵەی ئێران هاتبونەسەر شەقامەکان.