چیرۆکی دەربازبوون و هەڵهاتنی سەربازێکی ئیسرائیلی لە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێران ئاشکرا کرا
  2022-11-04       1081       

باراک ڕەڤید، ڕۆژنامەنوسێکی ئیسرائیلییە و چیرۆکی دەربازبوون و هەڵهاتنی سەربازێکی ئیسرائیلی لە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێران ئاشکرا کرد دوای ئەوەی چوارشەممەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی مەدەنی کە ئەوی تێدابووە بە ناچاری لە ئێران نیشتەوە.  

ئاوێنە: چوارشەممەی ڕابردوو، 2ی تشرینی دووەمی 2022، فڕۆکەیەکی مەدەنی کە یەکێک لە سەرنشینەکانی سەربازێکی ئیسرائیلی بوو، دوای ئەوەی لە ئاسمانی ئێران بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی یەکێک لە سەرنشینەکانەوە ناچاربوو لە خاکی ئێران بنیشێتەوە.  

باراک ڕەڤیدی ڕۆژنامەنوس لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیەکی ناوخۆیی ئیسرائیدا وردەکاریی و هەڵسوکەوتی ئەو ژنە سەربازە و هەنگاوەکانی سوپای ئیسرائیل و دەزگای مۆساد بۆ دەربازکردنی ئەو سەربازە لە ئێران بە سەلامەتی ئاشکرا کردووە.  

ئەو سەربازە تەمەن 19 ساڵە لە مۆڵەتی خێزانیدا بووە لە ئۆزبەکستان و لە گەشتەکەیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل، بڕیار بوو ئەو ژنە سەربازە بگاتە دوبەی، و گەشتێکی دیکەی بۆ ئیسرائیل ئەنجام بدات، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی گەشتەکە بۆ دوبەی بەسەر خاکی ئێراندا، حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی بۆ یەکێک لە سەرنشینەکان ڕوویدا و تیمی فڕۆکەوانی ناچارکرد لە ئێران بنیشنەوە.  

0e148f4f-c1bd-4eaf-a5f5-6cec2f4fff47.jpg?width=372&format=jpg  

ڕاڤید وتی: "فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی شیراز لە باشووری ئێران نیشتەوە، ژنە سەربازەکە درکی بەوە کرد کە شتێکی بێزارکەر و نیگەرانکەر لەوێ ڕوودەدات.  

ئاشکرای کرد کە ئەو ژنە سەربازە لێزانانە پاسپۆرتی بیانی خۆی دەرهێناوە بۆئەوەی بە وێستگەکانی پشکنیندا تێبپەڕێت و تەنها بە زمانی ڕووسی قسەی کردووە. 
 
ڕاڤید ڕوونی کردەوە کە دواتر سەربازە ئیسرائیلیەکە نامەیەکی کورتی بۆ یەکێک لە کەسوکاری خۆی لە ئۆزبەکستان ناردووە و داوای لێکردووە "کەسانی پەیوەندیدار ئاگادار بکاتەوە".  

وتیشی: "ئەو خزمەی ژنە سەربازەکە فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیلی ئاگادارکردووتەوە، ئەوانیش فەرماندەیی باڵای ئیسرائیلیان ئاگادارکردووەتەوە، لەوێشەوە بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران و مۆساد".  

ڕاڤید وتیشی، "بەرپرسانی مۆساد پەیوەندییان پێوەکرد و پێیان وتووە کە خۆی بە ئیسرائیلی نەناسێنێت، بۆیە مامەڵەی کردووە لەکاتێکدا هەوڵیداوە سەرنجی خەڵک بۆ خۆی ڕانەکێشێت."  

دوای چەند کاتژمێرێک بانگهێشتی سەرنشینەکان کرایەوە بۆ گەشتەکە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دەستپێکی کۆتایی هاتنی قەیرانەکە. 
  
ڕاڤید وتی: "کێشەکە پێنج کاتژمێری خایاند، ڕەنگە کەمێک زیاتریش" لە کۆتاییدا گەشتەکە بەرەو دوبەی و لەوێشەوە بەرەو ئیسرائیل بەردەوام بوو.  

ڕاڤید دەشڵێت: "هەموو شتێک بە باشی کۆتایی هات".  

بە وتەی هەمان ڕۆژنامەنووس، تەواوی ڕووداوەکە لە ژێر چاوی سوپای ئیسرائیلدا ڕوویداوە و تەنانەت دوای ئەوەی دۆسیەکە ئاشکرا بووە، "هێشتا وردەکاری نهێنی هەیە"، ڕاڤید جەخت لەوە دەکاتەوە.  

ڕاڤید هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ڕووداوە دەکرا قەیرانێکی سەختی لێ بکەوێتەوە. جگە لەوەی کە ئەگەری زۆرە بە بارمتە بگیرێت، دۆسیەکەی قەیرانێکی سیاسی و ئەمنی نێودەوڵەتی دروست دەکرد.  

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×