سەرۆکی ئوکرانیا: رۆژانە دەیان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی دەخەینە خوارەوە
  2022-11-06       452       


ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی، سەرۆکی ئوکرانیا ده‌ڵێت، رۆژانە دەیان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە دەخرێنەخوارەوە.

ئاوێنه‌: ئاژانسی ھەواڵیی "Ukrainform" بڵاوی کردەوە کە ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لەوتارێکدا کە لەڕێگای ھەژماری خۆی لەتیلیگرام ئاراستەی گەلی ئۆکراینای کردووە رایگەیاندووە، "نوێنەرە فەرمییەکانی ئێران دانیان بەوەداناوە کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان پێشکەش بەروسیای تیرۆریست کردووە، بەڵام لەو دان پێدانانەشدا درۆیان کردووە".

سەرۆکی ئوکرانیا وتیشی، "رۆژانە لانیکەم، دەیان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی دەخەینەخوارەوە".

زێلێنسكی ئاشکراشی کردووە، رژێمی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرلەدەستپێکردنی جەنگی روسیا-ئۆکرانیا، ژمارەیەکی سنوردار لەفڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ناردووە بۆ روسیا، به‌ڵام "تەنھا ئێوارەی دوێنێ شەممە، ١١ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی لەجۆری شاھید لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە خراوەنەتەخوارەوە".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، "ئێمە باش ئەوە دەزانیین کە راھێنەرە ئێرانییەکان، تیرۆریستانی روسیا لەسەر چۆنێتی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی رادەهێنن، کەچی تاران لەبەرامبەر ئەوەدا بێ دەنگە".

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی جەختیشی کردەوە، "ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەدرۆکردن، ئەوا جیھان ھەوڵی زیاتر دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لەھاریکاریی تیرۆریستی نێوان رژێمەکانی روسیا و ئێران، ھەروەھا ئەوەی روسیا لەبەرامبەر ھاریکارییەکە بەئێرانی دەدات، ئەوە لەجیھانیی نوێدا رونادات کە تیرۆریستان یان ھاوبەشەکانیان لەسزا رزگاریان بێت".

دوێنێ شەممە،  حوسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چەند مانگێک بەر لەدەستپێکردنی جەنگی روسیا-ئۆکرانیا، ژمارەیەکی سنوردار لەفڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان ناردووە بۆ روسیا، "بەڵام ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن مووشەکمان بۆ ئەو وڵاتە دابینکردووە، دورن لەراستییەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×