وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینهوهی زانستی رایگهیاند، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پاراستنى سەلامەتى گیان و ژیانى مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگەو بەشە ناوخۆییەکان و دامەزراوەکانى دیکەیدا کارکردنى بەسیستمى غازى شل لەسەرجەم دامەزراوەکانى ڕاگرت.
ئاوێنە: وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینهوهی زانستی لە نوسراوێکدا کە لەلایەن دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى دەرچوە، بەسێ خاڵ وردەکارى بڕیارەکەى ڕونکردوهتەوە، وەک لە خاڵى یەکەمدا هاتوە، پێویستە دامەزراوەکان دەستبەجێ کارکردن بەسیستمى غازى شل ڕابگرن، لە خاڵى دوەمدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بەزوترین کات و زۆر بەوردى بەدواداچون بۆ هەمو ئەو سیستمانە بکرێت، کە بەمەبەستى ئامادەکردن یان گەرمکردنەوەى خواردن بەکاردێن و لە سەلامەتى دڵنیا ببنەوە.
ئاماژه بهوهشكراوه، پێویستە لە ماوەى سێ ڕۆژدا ڕاپۆرتێکى تێروتەسەل لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى زانکۆ و پەیمانگەکان و بەهەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى ئامادە بکەن.
لە خاڵێکى دیکەى نوسراوەکەدا هاتوە، "دەبێت هەمو ئەو سیستمانەى بەمەبەستى ئامادەکردن و گەرمکردنەوەى خواردن لەسەر هەمو زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوەکانى سەر بەوەزارەت و لە بەشە ناوخۆییەکان بەکاردێن، پێویستە ڕێگەپێدانى بەرگرى شارستانیان هەبێت و مۆڵەتى دانانى هەبێت و لە لایەن کۆمپانیاکان".
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دهڵێت، "لە حاڵەتى کەمتەرخەمى و جێبەجێنەکردنى ئەو خاڵانەى سەرەوە لایەنى کەمتەرخەم ڕوبەڕوى یاسا دەبێتەوە".