شەپۆلێكی باران بارین هەرێم دەگرێتەوەو زۆترین باران لەم سێ ناوچەیە دەبارێت
  2022-11-23       825       

پێشبینی دەكرێت لەدرەنگانی شەوی سبەی پێنجشەممەوە، شەپۆلێكی باران بارین، هەرێمی كوردستان بگرێتەوەو شارەزایەكی كەشوهەواش دەڵێت، چاوەڕوان دەكرێت، زۆرترین باران لە هەولێر، دهۆك و راپەڕین ببارێت و هەولێر چەقی شەپۆلەكە بێت و بەوەش ئەگەری دروستبونی لافاو لەو ناوچانە زیاتر بێت.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای كەشوهەوا، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بەگوێرەی نەخشە جیاوازەکانی کەشوھەوا تا ئێستا ھێزی ئەم شەپۆلەو زۆرترین رێژەی باران بۆ سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و دەڤەری راپەرین، چاوەڕوان دەکرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەو نێوەندەدا سەنتەری پارێزگای ھەولێرو باکوری پارێزگاکە وەک چەق و زۆنی سەرەکی نیشانە کراوە کە تیایدا بەرێژەی ١٠٠ تا ٢٠٠ ملیمەتر پێشبینی بارانبارین ئەکرێت لەماوەی دو رۆژدا کە ئەمەش بڕێکی زۆرەو بەم جۆرە بێت ئەگەرەکانی دروستبونی لافاو لەم ناوچانەدا زیاترە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ھەرێم."

بەرلەوە ئاراس جەبار لە راگەیەندراوێكدا وتبوی"سبەی پێنجشەمە ٢٤-١١-٢٠٢٢ لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست سبەی کاریگەری شەپۆلی بارانبارین لەناوچە جیاجیاکانی سوریا دەستپێدەکات، لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کاتەکانی ئێوارە و شەو ئاسمان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو کاتەکانی شەو درەنگ بارانبارین لە رۆژئاوای ھەرێمەوە سنوری پارێزگای دھۆک و زاخۆ دەستپێدەکات کە لە رۆژی ھەینیدا کاریگەری ئەم شەپۆلە سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×