سەرۆکی ئازەربایجان هۆشداریی دەداتە ئێران
  2022-11-25       1373       


سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاند وڵاتەکی ترسی لە ئێران و مانۆڕە سەربازییەکانی نییە بەڵام هیچ کاتێک دۆخەکە بەم شێوەیە ئاڵۆز نەبوە.

ئاوێنه‌: ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی وڵاتی ئازەربایجان رۆژی هەینی رایگەیاند؛ باکوو هەموو کاتێک وەڵامی گونجاوی دەبێت بۆ ئەو لێدوان و هەوڵانەی کە دژی وڵاتەکەی دەگیرێتەبەر و ئێران هیچ کات هاوشێوەی ئەم ماوەیە هەڕەشە و بێڕێزیی بەرامبەر ئازەربایجان بەکارنەهێناوە.

عەلیێڤ وتی: ئازەربایجان لەسەردەمی سەرۆک کۆماریی محەمەد خاتەمی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد و حەسەن رۆحانی، ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێران لە شێوەی ئێستا نەبوە، چونکە رونە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران دەیەوێت بیروباەڕەکانی بەسەر باکودا بسەپێنێت.

ئەو وتوشیەتی رەفتارەکانی ئێران بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی و بەکارهێنانی زمانی زبر و توند دژی ئازەربایجان جێگەی تێڕامانە چونکە 20 ساڵە هەڵوێستی لەو شێوەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و باکو روی نەداوە.

سەرۆکی ئازەربایجان جەختی لەوە کردەوە کە لە بەرامبەر مانۆڕە سەربازییەکانی ئێران، وڵاتەکەی مانۆڕی سەربازیی ئەنجام دەدات و سڵ لە هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە ناکاتەوە.

لە ماوەی رابردودا ئێران مانۆڕێکی سەربازیی بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە سنورەکانی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان ئەنجام دا و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئیسرائیلی کرد.

هاوکات ئێران وڵاتی ئازەربایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی ئیسرائیل لە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی وێستگە ئەتۆمییەکان هێرشی سەربازیی ئەنجام دەدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×