خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، ئەمریكا داوای لێكردوین، پێداچونەوە بكەین بە ئەگەری هێرشكردنە سەر باكوری سوریا(رۆژئاوای كوردستان)، ئەنقەرەش لەبەرامبەردا داوای لە ئەمریكا كردوە، پابەندبێت بەو بەڵێنانەیەوە كە پێی داون.
ئاوێنە: خڵوسی ئاكار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، "ئەمریكییەكان داوایان لێكردین پێداچونەوە بكەین بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر تیرۆر لە باكوری سوریا، لەبەرامبەردا ئێمەش داوامان لێكردن پابەندبن بە بەڵێنەكانیانەوە."
وەزیری بەرگری توركیا، جارێكی دیكە وەك ئاماژەیەك بۆ تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵ وتی"پەكەكە و یەپەگە، بەم دواییانە خەڵكی مەدەنییان لە توركیا كردۆتە ئامانج."
وتیشی"هەڵوێستی دژ بە شەڕمان لەدژی تیرۆر لەو وڵاتانە قبوڵ ناكەین كە لە دوری هەزاران كیلۆمەترەوە هاتونەتە ناوچەكە بە پاساوی مەترسی داعش، لەكاتێكدا یەپەگە هەڕەشە لە ئاسایشی ئێمە دەكەن لەو دیو سنورەكانمانەوە."
خڵوسی ئاكار جەختی كردەوە كە بەبێ رەچاوكردنی قسەی ئەو لایەنانەی كە پشتیوانییان لێدەكەن، بەردەوام دەبن لە شەڕ لەدژی پەكەكە و یەپەگە، كە بەقسەی ئەو بونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامیگیری سنورەكانیان.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندبو، ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازیی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
پاش ئەوەش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا وتی، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا هاوتا تورکییەکەی ئاگادارکردەوە كە ئەمریکا بەتوندی دژی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازییە لە رۆژئاوای کوردستان.