ئێران هەواڵی دەركردنی سزای لە سێدارەدان بۆ دو مێردمنداڵی بەلوچی رەتدەكاتەوە
  2022-12-02       439       

داواكاریی گشتیی ناوەندیی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران رەتیكردەوە سزای لە سێدارەدان بۆ دو مێردمنداڵی بەلوچی لە دادگای تاوانەكانی زاهیدان دەركرابێت كە زیاتر لە دو مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە دەستگیركراون.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە، كەمپەینی چالاكوانانی بەلوچ، كە بارەگاكەی لە بەریتانیایە لەزاری عەلی كەریمی، پارێزەری دو مێردمنداڵەوە، رایگەیاند، دادگای تاوانەكانی زاهیدان، بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بۆ دو برای 15 ساڵان و 16 ساڵان بەناوەكانی (محەمەد رەخشانی) و (عەلی رەخشانی) بەتۆمەتی "تاوان دژبە ئاسایش و سەقامگیریی گشتی" دەركردوە كە رۆژی 1ی 10ی 2022 لە زاهیدان لەبەردەم ماڵەكەیاندا دەستگیركراون.

بەڵام ئەمڕۆ هەینی، مەهدی شەمس ئابادی، داواكاریی گشتیی ناوەندیی پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی تەسنیم، سەربە سوپای پاسداران، ئەو هەواڵەی رەتكردۆتەوە.

مەعدی شەمس ئابادی وتویەتی"لە دوێنێوە هەواڵی دەرچونی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ دو مێردمنداڵی خوار 18 ساڵان لە زاهیدان، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەلایەن میدیا نەیارو دوژمنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە...ئێمە بەتەواوەتی ئەو هەواڵە رەتدەكەینەوە."

داواكاری گشتی ناوەندیی پارێزگای سیستان و بەلوچستان جەختیشی كردۆتەوە كە "نەك تەنها سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو دو كەسەی ناویان هاتوە دەرنەچوە، بەڵكو لە دادگای تاوانەكانی زاهیدان تا ئەمڕۆ سزای لە سێدارەدان بە تۆمەتی تاوان دژبە ئاسایش و سەقامگیریی گشتی بۆ هیچ كەسێك دەرنەكراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×