نۆیەمین ساڵیادی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی
  2022-12-05       550       

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، رێوڕەسمی نۆیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی لەسەر گڵكۆی ئەو شەهیدە لە گۆڕستانی كەلاری كۆن بەڕێوەچو و تیایدا کەسوکار و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان ئاماژەیان بەوەکرد دۆخی رۆژنامەنوسان بەرەوخراپترچوە.

ئاوێنە: ڕێوڕەسمەكە دوای چەند چرکەیەک بێدەنگی بۆ ڕیزلێنان لە رۆحی شەهیدانی قەڵەم دەستیپێکرد و دڵشاد ئەنوەر، وتاری ڕێوڕەسمەكەی پێشکەشکرد کە تیایدا هاتبو: نۆ ساڵ بەر لەئێستا لەلایەن دەستێکی غەدر و ئەوانەی دۆخی کوردستانیان گەیاندە ئێستا کاوە گەرمیانی تیرۆرکرا، ئێمە پێمان وابو شەهیدکردنی کاوە گەرمیانی دەبێتە دانانی خاڵی کۆتایی بۆ تیرۆرکردن و تۆقاندن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان، بەڵام بەداخەوە نۆ ساڵ دوای شەهیدکردنی کاوە دەبینین دۆخەکه زۆرخراپتر بوەو ڕاودونان و ئازاردانی ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان بەردەوامە.

وتیشی: ڕاپۆرتە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن دۆخی ئێستای هەرێم بۆ ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان زۆر مەترسیدارە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بانگەشەی فراوان بۆ ئازادی و دیموکراسی دەکەن، بەڵام فشارێکی نێودەوڵەتی زۆر لەسەر کاربەدەستانی هەرێم هەیە بۆ ئەوەی پانتایی ئازادی فراوانتر بکرێت.

 ئەوەشی خستەڕو: دەبینین لە بادینان ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان تەنها لەبەر ئەوەی ناچنە ژێر ڕکێفی حیزب و دەسەڵاتەوە دەستگیردەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە.

هەر لەو رێوڕەسمەدا حاجی زاهیر، باوکی شەهید سورکێو (یەكێك لە شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات) لەسەر ناوی خانەوادەی شەهیدانی خۆپیشاندانی ۱۷ۍ شوبات، وتەیەکی پێشکەشکرد وتی، دوای نۆ ساڵ لەتیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، چی بۆ کاوە و شەهیدانی قەڵەم و شەهیدەکانی خۆپیشاندانەکانی ۱۷ی شوباتکراوە، ئێمە بەردەوام دەبین وکۆڵنادەین لەو مافەی بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە هەمانە و ئەمانە بەخوێنی ڕۆڵەی ئەم میللەتە تینون.

لەبەشێکی دیکەی رێوڕەسمەكەدا، شیرین ئەمین، هاوسەری کاوە گەرمیانی وتاری بنەماڵەی  پێشکەشکرد وتی: دەسەڵات و بەرپرسە تۆقیوەکانی ئەم دو حیزبە بکەری سەرەکی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسانن، هەر بۆیە تا ئێستا بکوژەکان بەسزای یاسایی نەگەیەنراون، لەسایەی دەسەڵاتی ئەم دو حیزبەوە ڕۆژنامەنوسانی ئازا و ئازاد لەبەردەم هەڕەشەی زۆر مەترسیداردان و تا هەنوکەش ڕۆژنامەنوسان دەڕفێنرێن و لەزیندانەکان سزادەدرێن.

ئەو کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە ئاشکرای کرد، پڕۆژە یاسایەکیان لەبارەی دۆسیەی شەهیدانی قەڵەم بە واژۆی ٣٠ پەرلەمانتار ئاراستەی پەرلەمان کردوە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان تا ئێستا خوێندنەوەی بۆ ئەو پڕۆژەیە نەکردوە.

نۆ ساڵ بەر لە ئێستاو لە شەوی ٥ی کانونی یەکەم ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی لەبەردەم ماڵەکەی خویدا لە كەلار تیرۆرکراو تا ئێستا کەسێک لەسەر کەیسی تیرۆرکردنەکەی دەستگیرکراوە و سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و لە زینداندایەو کەسوکارەکەشی دەیانەوێت ئەو کەسە ئاشکرا بكرێت کە لە پشت تاوانەکەوەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×