ئه‌ندامێكی سوپای پاسداران لەکاتی ناڕەزایەتییەکان کوژرا
  2023-01-01       397       

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمی ئیرنا، ئه‌ندامێكی سوپای پاسدارانی ئێران لەکاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە لەلایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وە تەقەی لێکراوە و دواتر گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ئیرنا بڵاویکردەوە، ڕۆژی شەممەی رابردو لە پەراوێزی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ئێران بوە، بە تەقەی چەند چەکدارێکی نەناسراو لە پارێزگای ئیسفەهان، ئەندامێکی هێزەکانی کۆکردنەوەی "بەسیج"ی ئێرانی کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، چەند ناوچەیەکی شارەکە شاهێدی جموجۆڵی ناڕەزایی بون، هەروەها هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەکە جێگیرکراون و لە هەندێک حاڵەتیشدا ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ژمارەیەک "ئاژاوەگێڕ" تۆمارکراون.

لە 16ی مانگی 9ی ساڵی رابردوه‌وه‌، ئێران شایەتحاڵی جموجۆڵی ناڕەزایەتییە لە دوای مردنی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، دوای ئەوەی بە هۆی پابەند نەبون بە یاسای جل و بەرگی توندی وڵاتەوە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە تاران دەستبەسەرکرا.

لە میانی خۆپیشاندانەکاندا کە دروشمی دژ بە دەسەڵات به‌رزده‌كرێته‌وه‌، سەدان کەس کوژران، کە دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بون، هەروەها هەزاران کەسیش لە پەراوێزی ئەو جموجۆڵانە دەستبەسەر کران کە بەرپرسانی ئێران بەشێکی زۆری بە "ئاژاوە" دەزانن کە "دوژمنان"ی کۆماری ئیسلامی لە پشتەوە وەستاون.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لە پەراوێزی ناڕەزایەتییەکان زیاتر لە 200 کەس کوژراون کە دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بون، جگە لەوەش له‌وه‌ته‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌ستیان پێكردوه‌ 11 کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و دو کەسیان لەسێدارە دراون.

لایخۆشیانەوە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە 470 خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و نزیکەی 100 کەسیش ڕوبەڕوی تۆمەتێک دەبنەوە کە ڕەنگە سزای لەسێدارەدانیان لێبکەوێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×