پێدەچێت خەمی کوردەکانی سوریا پاڵیان پێوهبنێت بۆ ئاساییكردنهوهی پهیوهندیهكانی لهگهڵ دیمهشق، ئهوهش دوای نیگەرانیهكانی لە ئاساییکردنەوەی پهیوهندیهكانی سوریا و تورکیا، لهو چوارچێوهیهدا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شاندێکی کوردی رۆژئاڤای كوردستان سەردانی دیمەشقی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە کۆتایی ساڵی 2019 واژۆکرا، كه جێگیرکردنی هێزەکانی سوریای لە رۆژهەڵاتی فورات لەخۆگرتبو، هاوكات بهم دواییانه برێت مهكگۆرك و هاكان فیدان له وڵاتێكی كهنداو لهوبارهیهوه كۆبونهتهوه.
ئاوێنە: لهماوهی رابردودا مۆسکۆ وادەیەکی دیاریکرد بۆ کۆبونەوەکەی نێوان وهزیرانی دهرهوهی توركیا، سوریا و روسیا لە (11ی ئەم مانگە)، بەڵام ئەنقەرە ئامادەنەبو بۆ ئەو کۆبونەوەیە دوای "ئامۆژگاری ئەمریکا" کە داوایلێكرد پێش چونی مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ واشنتن ئهو كۆبونهوهیه ئەنجامنەدات، هەروەها دیمەشق ئامادەنەبو بۆ "کۆبونەوەیەک لە پێناو کۆبونەوەکەدا"، بەڵکو خشتەی کار و دەرئەنجامی ڕونی لێی دەویست.
دوای شكستهێنانی ئهو ههوڵه، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی سەرۆکایەتی ڕوسیا سەردانی دیمەشقی کرد و چاوی بە بهشار ئەسەد، سهرۆكی سوریا کەوت، لایەنی ڕوسی خواستی خۆی بۆ دیداری ئەسەد و ئەردۆگان نوێکردەوە، بەڵام ئەسەد رودانی ئەم دیدارەی بە کشانەوەی تورکیا لە باکوری سوریا گرێدا، یان بە دانانی خشتەی کاتی بۆ کشانەوەی تورکیا، رونە کە دیمەشق پێش کۆبونەوەی ئەسەد و ئەردۆگان "دەستکەوتێکی رەمزی" دەوێت.
لایخۆیەوە ئەنقەرە وتوێژکارانی ئاگادارکردەوە کە سوپاکەی "لە هیچ بارودۆخێکدا لە سوریا ناکشێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکیەکانیش بکشێنەوە"، بە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشو، کە تیایدا کشانەوەی سوپای تورکیای بەستەوە بە دەرچونی هەمو هێزە بیانییەکانەوە کە دوای ساڵی 2011 چونهته ناو سوریا.
هاوتەریب لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان "دژی پەکەکە" و گفتوگۆکردن لەسەر زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەدەنە و گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا، ئەوەی ئێستا نوێیە گەڕانەوەی گفتوگۆی جدییە بۆ کردنەوەی رێگای حەلەب- لازقییە یان "M4"، له رابردوشدا کۆبونەوەی ئەمنی سوریا و تورکیا لە لادێکانی لازقییە بۆ کردنەوەی ئەو رێگایه ئەنجامدراوه.
بههۆی کاریگەری ئاساییکردنەوەی پهیوهندیهكانی سوریا و تورکیا دیسانەوە هێڵەکان لە نێوان دیمەشق و کورددا کرانەوە، هەرلایەک دەیەوێت كار له هەستی ئەوی دیکە بکات، لهوچوارچێوهیهدا شاندێکی کوردی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی پایتەختی سوریای کرد.
خولەکانی پێشوی دانوستانی نێوان كورد و حكومهتی بهشار ئهسهد لە ژێر پەردەی روسیادا ئەنجام دەدرا، لیژنەکان پێکدەهێنران، کۆبونەوە ئەنجام دەدرا و دواتر راگیران، بەڵام دیمەشق ئێستا دهیهوێت سهرنجی "هاوپەیمانە ئەمریکییەکان" لە چەند هەفتەی رابردودا بزانێت، سەبارەت بە کوردیش، دهیهوێت سنوری ئاساییبونەوەی پهیوهندیهكان لەگەڵ ئەنقەرە بزانێت.
ئامانجی کۆبونەوەکان تاوتوێکردنی گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەیهیه کە لە دوای کشانەوەی کتوپڕی ئەمریکا به فهرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی 2019 واژۆکرا، كه جێگیرکردنی هێزهكانی سوریای لەخۆگرتبو له ناوچهكانی ڕۆژهەڵاتی فورات، ئێستا کورد دهیهوێت مهترسی لەشکرکێشی تورکیا دروبخاتهوه بۆیه زیاتر ئامادهی گفتوگۆیه لهگهڵ سوریا، دیمهشقیش دهیهوێت سود له لاوازی پێگهی كورد وهربگرێت.
ئەوەش زانراوە کە پەیوەندی نێوان برێت مەکگۆرک، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و ئەنقەرە "زۆر خراپە"، بەڵام ئەوەی نوێیە ئەوەیە کە کۆبونەوەیەکی نهێنی لە وڵاتێکی کەنداو لەنێوان مەکگۆرک و هاكان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئەنجامدراوه، به ئامانجی هێوركردنهوهی دۆخهكه.
بهپێی رۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهت، پهیامی ئهمریكا له كۆبونهوهی مهكگۆرك و هاكان فیدان ئهوهبوه، كه چی بکرێت بۆ ئەوەی لەشکرکێشی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی فورات دور بخرێتەوە؟ چی بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لە داواکارییەکانی تورکیا؟ چی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێک لە هەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وهك هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامی دەدەن؟
دوای ئەو دیدارە، نیکۆلاس گراینگەر، یهكێك له بهرپرسانی كۆشكی سپی گەشتێکی نهێنی لە نێوان ئەنقەرە و قامیشلۆ ئەنجامداوه، سهرنجی نێوەندگیرییەکە بریتییە لە باسکردن لە کشانەوەی شهڕڤانان لە قوڵایی 30 کیلۆمهتر یان کشانەوەی چەکەکانیان و پێکهێنانەوەی ئەنجومەنە ناوخۆییەکان، جگە لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ ئەو ناوچانە.