د.بڕیار ڕەشید: نەوتەکەی عێراق لیتری بە ٥٠٠ دینار دەدرێت بە ھاوڵاتیان
  2023-01-25       315       

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات بەهەوڵەكانی فراكسیۆنی یەكێتی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی دەربریوە بەناردنی بڕی دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی ماڵان بە نرخی 500 دینار بۆ هەر لیترێك، هاوكات لە هەفتەی داهاتووەوە ئەو نەوتە دەگاتە هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاندوە: دوای ئەوەی لەماوەكانی ڕابردوودا هەوڵێكی زۆرماندا بۆ ناردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، سەرەتا وابڕیاربوو كە بەرمیلێك نەوت بەشێوەی بازرگانی و بە 160 هەزار دینار ڕەوانە بكرێت و بە 165 هەزار دینار بدرێتە بەهاووڵاتیان، بەڵام ئێمە ئەمەمان پێ قەبوڵ نەبوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای بەردەوامی هەوڵەكانمان توانیمان ڕەزامەندی وەزارەتی نەوتی عیراق وەربگرین بە ناردنی نەوت بە نرخی 500 دینار بۆ هەر لیترێك، هەر لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕەزامەندی دەربڕیوە بە ناردنی بڕی دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لەهەفتەی داهاتوودا بڕی ئەو نەوتەی عێراق بگاتە هەرێمی كوردستان و لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەرێمەوە دابەشبكرێت بەسەر هاووڵاتیاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×