ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی: دەبێت دادگای فیدراڵی عێراق هەڵبوەشێتەوە
  2023-01-25       423       

ئامینا زكری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، دادگای فیدراڵی بەپێی دەستوری عێراقی دانەمەزراوەو لە خولی رابردوی پەرلەماندا بە هاوكاری لایەنێكی كوردی بەزۆرینەی سادە دەنگی لەسەر دراوە. دەشڵێت، دەبێت لایەنە عێراقییەکان و ئەوانەی دەسەڵاتدارن بزانن یان دەبێت ئەم دادگا نادەستورییە هەڵبوەشێتەوە، یان گەلی کوردستان دادگایەکی هاوچەشن بە دادگای خۆی نازانێت.

ئاوێنە: ئامینا زكری، ئەمشەو چوارشەممە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك لەبارەی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، وتویەتی"ئەمڕۆ دادگای نادەستوری فیدراڵی عێراق جارێکی دیکە سەلماندی ئەو دادگایە نییە کە کورد وەک دادگایەکی بێلانەیەن سەیری بکات و بڕیارەکەی ئەمڕۆش چوە سەر ئەو بڕیارانەی دیکەی کە دادگاکە دژی گەلی کوردستان دەریکردون."

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی پێی وایە "لە بنەڕەتدا دادگای فیدراڵی دەستوری نییەو بەپێی مادەی ٩٢ لە دەستوری عێراقی دانەمەزراوەو بڕیارەکانی بە سیاسی کراون و خولی ڕابردوی پەرلەمان بەھاوکاری لایەنێکی کوردی بەزۆرینەی سادە دەنگی لەسەردراوە."

جەختیشی كردۆتەوە "بۆیە دەبێت لایەنە عێراقییەکان و ئەوانەی دەسەڵاتدارن بزانن یان دەبێت ئەم دادگا نادەستورییە هەڵبوەشێتەوەو بەپێی دەستور مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پرسەکان بکرێت، یان گەلی کوردستان دادگایەکی هاوچەشن بە دادگای خۆی نازانێت."

ئامینا زكری وتوشیەتی"ئێمە نابێت هیچ کات لەبیری بکەین سەرەڕای هەوڵەکانمان، دەستپێشخەری و چونە پێشەوەمان بەنیەتی ڕێککەوتن و سازان لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، بەڵام دەبێت بزانین ئەدەبیات و بیرۆکەی سڕینەوەی کورد لەناو عێراقدا هێشتا زیندوەو ئەم بیرۆکەیە ڕەگی داکوتاوە لەناو بەشێکی سیاسی و غەیرە سیاسییەکان لەعێراقدا، ئەگەر بەمجۆرە نەبێت دادگایەک خۆی نادەستوری بێت چۆن بڕیارەکانی دەستوری دەبن هەر بۆیە (المبني على الباطل باطل)."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×