دادگای فیدڕاڵی بڕیار له‌باره‌ی دو سکاڵای دیکە له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات
  2023-01-26       1114       

دو سکاڵای دیکە كه‌ له‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌فته‌ی داهاتو دادگاكه‌ بڕیاریان له‌باره‌وه‌ بدات، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، "رێکكەوتنە سیاسییەکان تەنها بۆ پۆستە نەک مافی دەستوری خەڵک".

ئاوێنە: دادگای فیدڕاڵی عێراق رۆژی 30ی 1ی 2023 بۆ یه‌كێك له‌ سكاڵاكان كۆده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای دابه‌شكردنی خۆراك له‌ عێراق تۆماركراوه‌ كه‌ ده‌ڵێت، پاره‌ی دابه‌شكردنی خۆراكی مانگانه‌ له‌ ساڵی 2004ه‌وه‌ تاوه‌كو 2021 نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، سكاڵاكه‌ش له‌سه‌ر وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌ولێر تۆماركراوه‌ سه‌ره‌ڕای كاره‌كانیان.

سكاڵایه‌كی دیكه‌ش كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان تۆماركراوه‌، بڕیاره‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق رۆژی 31ی 1ی 2023 له‌باره‌یه‌وه‌ كۆببێته‌وه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان، سكاڵاكه‌ش له‌لایه‌ن جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێوه‌ له‌سه‌ر د. رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ره‌ڕای كاره‌كه‌ی تۆماركراوه‌.

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ نوسینێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، "رێكکەوتنە سیاسییەکان تەنها بۆ پۆستە نەک مافی دەستوری خەڵک"، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رێككه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی "هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌وڵه‌ت" بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی.

ئه‌و دو سكاڵایه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ چوارشەممە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا به‌ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە گواستنەوەی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەکاتێکدابو لە هەموان لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی گەیشتنی 400 ملیار دینار بون لە بەغداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×