ئێران: لە هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکاریی بۆ هێرشەکەی سەر ئەسفەهان کراوە
  2023-02-01       1342       

ماڵپەڕی نور نیوز بڵاوی کردەوە "پارچەی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی کە دوای هێرشکردنە سەر بنکەیەکی وەزارەتی بەرگریی لە ئەسفهان دەستی بەسەرداگیراوە، لەلایەن حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستانەوە هێنراونەتە ناو خاکی ئێران".

ئاوێنە:  نوور نیوز کە نزیکە لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، "پارچەی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە، هەروەها هەموو ئەو تەقەمەنییەی کە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی وەزارەتی بەرگریی لە ئەسفهان بەکار هاتووە لەلایەن حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و دواتر بە رێگەی سنوورەکانەوە هێنراونەتە ناو خاکی ئێران".

ئاماژەی بەوەیشداوە "ئەو حزبە کوردییانە لەسەر داوای دەزگاکانی هەواڵگری بیانیی ئەرکی ناردنی کەلوپەلەکانیان لە ئەستۆ بووە و کەلوپەلەکان دوای هێنانیان بۆ ئێران لە شوێنکارێکی پێشکەوتوو و بە دەستی کادیرانی شارەزا و مەشقپێکرا وەسەر یەکخراون".

رۆژی یەکشەممە ٢٩ی کانوونی دووەم، تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە تەقینەوەیەکی گەورە لە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی سەربە وەزارەتی بەرگریی لە شاری ئەسفەهان روویداوە و دواتر وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، تەقینەوەکە لە ئەنجامی هێرشی سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە کە دوو دانەیان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە.

ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە بازنەی ئەسفەهان، حوسێن میزرایی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی لە ئاسمانی شاری ئەسفەهان بینراون سەربە ئیسرائیل بوون.

لەم بارەیەوە رۆژنامەی "The Wall Street Journal" بڵاوی کردبووەوە کە ئیسرائیل هێرشەکەی سەر دامەزراوەی بەرگریی ئێرانی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامداوە.

هاوکات رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت لێدوانی بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوکردبووەوە کە نەیویستووە ناوەی بڵاوبکرێتەوە و رایگەیاندووە: ''ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامداوە''.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×