سەرکردەیەکی یەکێتی: بڕیاری دادگای هەولێر بۆ هاوسەرۆک بوونی لاهور شێخ جەنگی سیاسییە و جێبەجێ ناکرێت
  2023-02-02       762       

رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای حزبه‌كه‌، رایگەیاند حزبەکەی بڕیارێکی دادگای هەولێر رەتدەکاتەوە کە لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی دەناسێنێت، چونكه‌ بڕیاره‌كه‌ "سیاسی"یه‌.

رابیحە حەمەد، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگەیاند: یەکیتی بڕیارەکەی هەولێر "زیاتر بە سیاسی" لەقەڵەم دەدەن، چونكه‌ دادگای هەولێر کە بڕیاردەدات لەوانەیە لە ژێر فشارێک یان بەسیاسی کرابێت.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی راشیگەیاند: ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ "هەندێک لایەن" بە مەبەستی ئاڵۆزتر کردنی کێشەکانی ئەو حزبە (یه‌كێتی) فشاریان لە دادگا کردبێت.

باسی له‌وه‌شكرد، "بە دڵنیاییەوە لەوانەیە حەز بکەن بابەتەکان شتی تر لە دوای خۆی بهێنێت بۆیە بەو ئاڕاستەیەیە. زۆر لایەن هەیە لەوانەیە مەترسیان لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەبێت و بە بەردەوامی حەزبکەن یەکێتی بچوک ببێتەوە و دەسەڵاتی نەمێنێت یاخود بەردەوام کێشەی هەبێت. چونکە یەکێتی وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی سیاسی کوردی دا".

رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، سەبارەت بە مامەڵەکردنی یەکێتی لەگەڵ دوو بڕیارەکەی هەولێر و بەغدا، رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە یەکێتی ئەوەی بەغدا وەردەگرێت چونکە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژارنەکانی عێراق ناوەندییە... ئەوەی هەولێریش زیاتر بە سیاسی لەقەڵەمدەدەین".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی کە پێشتر یەکێک بووە لە لیژنەیەکی 20 کەسی بۆ پێداچونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیان، رایگەیاند: بەگوێرەی پەیڕەوی یەکێتی و بە دەنگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە "دەستەڵاتەکان دراون بە سەرۆک بافڵ بۆ ئەوەی ئەگەر گۆڕانکارییەک بکات، چونکە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێویستناکات هەموو هەفتەیەک کۆ ببێتەوە. ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەستەڵاتەکانی دا بە کاک بافڵ بۆ ئەوەی ئەو بتوانێت بڕیاربدات".

 

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×