تورکیا داوای ڕونکردنەوە لە ئەمریکا دەکات
  2023-03-07       881       

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بانگهێشتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كرا و داوای لێكرا روونكردنه‌وه‌ بدات له‌باره‌ی‌ سه‌ردانی سوپاسالاری وڵاته‌كه‌یان بۆ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان).

ئاوێنە: رۆژی شه‌ممه‌ (7ـی ئادار/مارسی 2023)، مارك میللی، سوپاسالاری ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان)ـی كرد، هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كۆبووه‌وه‌.

گوته‌بێژی سوپاسالاری ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌وه‌ گوتی، "جەنەراڵ مارک میللی سەردانی باکووری سووریای کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ فەرماندە (ئەمریکییەکان) و یەکە سەربازییەکان کۆببێتەوە. زانیاریی نوێی لەبارەی ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داعش وەرگرت، هێزەکانی بەسەرکردەوە و هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی ناو کەمپی هۆڵی بۆ وڵاتەکانیان هەڵسەنگاند".

سه‌ردانه‌كه‌ی سوپاسالاری ئه‌مه‌ریكا بۆ رۆژئاوای كوردستان به‌رپرسانی توركیای تووڕه‌ كرد. دوێنێ دووشه‌ممه‌، جێفری فلەیک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کرا، داوای لێ کرا روونکردنەوە بدات لەبارەی سەردانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بۆ "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا."

رۆژی شه‌ممه‌ (7ـی ئادار/مارسی 2023)، سوپاسالاری ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان) به‌ میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی گوت، "پێم وایە هێزەکانی ئەمه‌ریكا و هێزە کوردییەکانی سووریا، کە هاوپەیمانی واشنتنن لە شەڕی دژ به‌ داعش، لە تێكشكاندنی هەمیشەیی داعشدا سەرکەوتوو بوون."

ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی ئەو جه‌نه‌ڕاله‌ ئه‌مـه‌ریكییه‌كه‌ بۆ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان) به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پاراستنی هێزەکانی ئەمه‌ریکا بووه‌ بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی ئەگەر هەیە رووبەڕوویان ببنەوە، لەنێویاندا هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانه‌كان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×