سعودیەو ئێران لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان رێككەوتن
  2023-03-10       343       

وەفدی سعودیەو ئێران لە چین كۆبونەوەو بە نێوەندگیری چین لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات رێككەوتن و بەپێی رێككەوتنەكەش دەبێت لەماوەی دو مانگی داهاتودا باڵیۆزخانەو نوێنەرایەتییەكانیان لە ریاز و تاران بكەنەوە.

ئاوێنە: بەپێی میدیای رەسمی ئێران رێككەوتنەكە بە نێوەندگیریی چین ئیمزاكراوەو بەم زوانەش وەزیرانی دەرەوەی هەردو وڵات كۆدەبنەوە.

لە راگەیەندراوێكی هاوبەشی نێوان ئێران، سعودیە و چین-دا، ستایشی هەوڵەكانی سەرۆكی چین كراوە بۆ رەخساندنی گفتوگۆو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان تاران و ریاز.

لە راگەیەندراوەكە داهاتوە، لە ئەنجامی گفتوگۆكان، ئێران و سعودیە رێككەوتن لەماوەی دو مانگی داهاتودا دەست بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان بكەنەوەو باڵیۆزخانەو نوێنەرایەتییەكانیان لە ریاز و تاران بكەنەوە.

نزیكەی هەشت ساڵ لەمەوبەر كۆمەڵێك كە خۆیان بە ئەندامانی بەسیج و حزبوڵا ناودەبرد، هێرشیان كردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و هەروەها كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە مەشهەد، لەو كاتەوە پەیوەندییەكانی ئێران و سعودیە پچڕان.

هێرشی ئەو كەسانە بۆ سەر باڵیزخانەو كونسوڵخانەكەی سعودیە، وەك ناڕەزایەتییەك بو بەرامبەر بە لەسێدارەدانی پیاوێكی ئایینی ناسراوی شیعە لە سعودیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×