قوباد تاڵەبانی: ئەو خاڵانەی پەیوەستن بەهەرێمی کوردستانەوە لە بودجەدا هەمویان قابیلی جێبەجێکردنن
  2023-03-15       389       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیەكدا جەختیان كردەوە كە گرنگە پاش پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان، هەردو حكومەتی عێراق و هەرێم پابەندبن بە جێبەجێكردنی. قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، ئەو خاڵانەی پەیوەستن بەهەرێمی کوردستانەوە لە پڕۆژە یاساكەدا هەمویان قابیلی جێبەجێکردنن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە سلێمانی  پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و پێکەوە باسی دواپێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا "جەخت لە گرنگی پابەندبون بە چارەسەرکردنی دەستوریانەی کێشەکان کرایەوە."

لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "هەردولا هاوڕابون کە گرنگە پاش پەسەندکردنی لە پەرلەمان، هەردو حکومەتی فیدرال و هەرێم پابەندبن بە جێبەجێکردنی و نابێت هیچ بیانو و بەربەستێک لەبەردەم دابینکردنی شایستەی داراییەکان دروست بکرێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەشدا كە "ئەو خاڵانەی پەیوەستن بەهەرێمی کوردستانەوە لە پڕۆژە یاسای بودجەدا هەمویان قابیلی جێبەجێ کردنن." جەختیشی کردەوە "هیچ بژاردەیەکی تر نییە جگە لەرێککەوتن لەپێناو بەرژەوەندی گشتییدا."

قوباد تاڵەبانی، پاڵپشتی خۆی بۆ سەرکەوتنی کابینەکەی سودانی دوپات کردەوە و هیوای خواست پێکەوە بتوانن زاڵبن بەسەر تەحەدداکان بۆ ئەوەی خزمەتی باشتری هاوڵاتیان بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×