پەكەكە: پێدەچێت هێلیكۆپتەرە تێكشكاوەكەی دهۆك هی هاوپەیمانان بوبێت و شەڕڤانانی یەپەگەی هەڵگرتبێت
  2023-03-17       1587       

دوای دو رۆژ لە روداوە ناڕونەكەی كەوتنەخوارەوەو تێكشكانی هێلیكۆپتەرێك لە سنوری پارێزگای دهۆك، هێشتا هیچ لایەنێك خۆی نەكردوە بە خاوەنی. وتەبێژی پەكەكە لەبارەی ئەوەی دەوترێت كە هێلیكۆپتەرەكە ئەندامانی پەكەكەی تێدابوە، دەڵێت، پەكەكە هێلیكۆپتەری نییە، پێدەچێت هێلیكۆپتەری هاوپەیمانان بوبێت و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە)ی هەڵگرتبێت.

ئاوێنە: زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەكەكە لەبارەی ئەوەی دەوترێت هێلیكۆپتەرە تێكشكاوەكە ئەندامانی پەكەكەی تێدابوە، بە ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێسی وتوە، پەكەكە هێلیكۆپتەری نییە، ئەوانیش لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكەن.

زاگرۆس هیوا وتویەتی، پێدەچێت هێلیكۆپتەرەكە هی هێزەكانی هاوپەیمانان بێت و شەڕڤانانی یەپەگەی هەڵگرتبێت.

ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس لەزاری یەكێك لەوانەی كە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكەن لە شوێنی روداوەكەوە، وتویەتی، لانیكەم حەوت كەس لە هێلیكۆپتەرەكەدا بون.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ دژە تیرۆری كوردستان(پارتی)، وتی، تەواوی سەرنشینەكانی ئەو هێلیكۆپتەرەی لە سنوری پارێزگای دهۆك كەوتۆتە خوارەوە، گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام هەر دوێنێ لاوك غەفوری، وتەبێژی سەرۆكی هەرێم لە تویتێكدا وتبوی، لانیكەم پێنج لە سەرنشینانی هێلیكۆپتەرەكە گیانیان لەدەستداوەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ دیاریكردنی خاوەندارێتی هێلیكۆپتەرەكەو زانینی هۆكاری روداوەكە.

دژە تیرۆری كوردستان و وتەبێژی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتویانە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ئەندامی پەكەكە بون.

دژە تیرۆری كوردستان لە راگەیەندراوەكەیدا وتبوی،"لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و حکومەتی تورکیاوە کردوە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەوە، بەڵام لە وەڵامدا ڕایانگەیاندوە کە هێلیکۆپتەرەکە هی ئەوان نییە."

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، رەتیكردۆتەوە لێدوان بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بدات و وتویەتی، روداوەكە دەكەوێت دەرەوەی چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانییەكە.

هەر شەوی روداوەكە دەستبەجێ میدیای رەسمی دەوڵەتی توركیا لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەیەوە، رەتیكردەوە ئەو هێلیكۆپتەرە توركی بێت و وتی، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن هێلیكۆپتەرەكە توركی بوە، "بەهیچ شێوەیەك راست نین"و "هیچ فڕۆكەیەكی هێلیكۆپتەری سەربە هێزە چەكدارەكانی توركیا لەو ناوچەیە نەبوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×