دادگایەكی ئێران سزای زیندانی بەسەر چوار چالاكوانی كورددا سەپاند
  2023-03-18       383       

دادگای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی لە ورمێ، سزای سەپاندنی دو ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە چوار چالاكوانی كورد دەركرد كە چالاكوانی بواری كرێكاری و ژنیگەن و خەڵكی شارەكانی شنۆ و نەغەدەن.

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ شەممە، لقی ٣ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ، بە تۆمەتی "هەوڵ بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ڕێگەی ئەندامێتی لە گروپە دژبەرەکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی"، سزای دو ساڵ زیدانی بۆ هەریەك لە چوار چالاكوانی کورد بە ناوەکانی عەباس هاشمپور، خەلیل مورادی، ئیبراهیم قارەمانی و بەهرام جەعفەری، خەڵکی شارەکانی شنۆ و نەغەدەدا دەركرد.

بەپێی قسەی رێكخراوەكە، لە بڕیاری ئەو دادگایەدا ماوەی دەستبەسەرکردنی پێشتری ئەو چوار چالاکە هەژمار کراوەو ئەو ماوەیە لە سزاکەیان کەم کراوەتەوەو بەگشتی.

پێشتریش تۆمەتی "هەوڵ بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و یەکپارچەیی ئێران" وەک پێشڕەو و ڕێبەر و ڕێکخەری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شارەکانی شنۆ و نەغەدە بون و تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" دراوەتە پاڵ ئەو چوار چالاکە کرێکاری و ژینگەییە.

ئەو چوار چالاكوانە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا كە دژ بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەڕێوەچون، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە لە شارەکانی شنۆ و نەغەدە دەستگیركران و ماوەی زیاتر لە 70 ڕۆژە لە زینداندابون.

عەباس هاشمپور، خەلیل مورادی، ئیبراهیم قارەمانی و بەهرام جەعفەری، ڕۆژی یەکشەممە، 13ی سەرماوەزی 2722ی كوردی، بە دانانی بارمتەی 500 ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی تا کاتی کۆتایی بەڕێوەچونی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×