هەفتەی داھاتو پارتی و یەکێتی دەربارەی ھەڵبژاردن کۆدەبنەوە
  2023-03-31       373       

بەرپرسی یاسایی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، بڕیارە هەفتەی داهاتو لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی ئەو خاڵانەی رێککەوتنیان لەسەرکراوە و ئەوانەشی کە ماون، کۆببنەوە.

ئاوێنە: هاوار محەمەد، بەرپرسی یاسایی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاند، "بڕیارە هەفتەی داهاتو لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتی بۆ تەواوکردنی کۆبونەوەکانی پێشترو چونە نێو وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنەی لەسەر هێڵە گشتییەکانی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن کراوە، کۆببینەوە، بەڵام هێشتا نە شوێن و نە کاتی کۆبونەوەکە دیارینەکراوە."

ئەو بەرپرسەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی تەوەرەکانی کۆبونەوەکەشی بەمشێوەیە خستەڕو"بڕیارە لەبارەی ئەو خاڵانەی کە کۆدەنگین زیاتر گفتوگۆ بکەین، راستە لەسەر چەند خاڵێک لەگەڵ برادەرانی یەکێتی کۆکین، بەڵام شێوازی لیستی هەڵبژاردن کە نیمچە کراوەیەو بابەتی تۆماری دەنگدەران و بایۆمەتری و چەند پرسێکی دیکە ماوە، ئەوە جگە لەو خاڵانەشی ماون، بەتایبەت پرسی کۆتای پێکهاتەکان، بۆیە هەوڵدەدەین دوای تاوتوێکردنی ئەو بابەتانە بە رەشنوسێکی هاوبەشەوە دەربچین."

بەرپرسی یاسایی بەشی هەڵبژاردنی پارتی باسی لەوەش کرد، جارێکی دیکە سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکەن و ئاشکرایکرد، "گرنگە کۆدەنگیی زۆر لەسەر ئەو خاڵانە هەبێت کە پەیوەستە بە هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسەکانی پەیوەست پێوەی بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت."

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×