پشكی هەرێم دەبێتە ڕێگری لە بەردەم پەسەندكردنی بودجە
  2023-05-25       581       

ڕۆژنامەیەكی عێراقیی بڵاویكردوەتەوە، دوێنێ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتیی كۆبونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی كردووە، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەكە گفتوگۆی ئەو بڕگانەی پرۆژە یاسای بودجەیان كرد، كە ناكۆكییان لەسەرە بۆ ئەوەی بە زووترین كات ڕێككەوتنیان لەسەر بكرێت.

ئاوێنە: ڕۆژنامەی سەباحی عێراقیی بڵاویكردوەتەوە، دۆێنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمان كرد، لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتنێك سەبارەت بەو بڕگانەی بودجە، كە ناكۆكییان لەسەرە، ئێستا سەرەكییترین بڕگەی لە پرۆژەیاساكەدا ناكۆكی لەسەر بێت پشكی هەرێمی كوردستانە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەكەی راگەیاندووە، بەنزیكەیی ڕێككەوتن لەسەر زۆرینەی ڕەهای هەموو بڕگەكانی پرۆژە یاسای بودجە كراوە، تەنیا پشكی هەرێم وەك یەكەم ئاستەنگی سەرەكیی ماوەتەوە، بۆ ئەوەی پرۆژە یاساكە دوا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بنێردرێتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ دەنگدان.

هەیسەم زەهوان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، جگە لە هەندێك بڕگەی لاوەكی، تاكە ڕێگری سەرەكیی بەردەم دەنگدان لەبارەی پرۆژە یاساكەوە لە لیژنەی دارایی و ناردنی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە؛ پشكی هەرێمی كوردستانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە گفتوگۆكان لە دەرەوەی لیژنەكە لەنێوان كوتلە سیاسییەكان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی لەبارەی ئەو خاڵەشەوە بگەنە ڕێككەوتن، هەروەها ئەگەر هەیە ئەمڕۆ لەسەر ئەو خاڵەش بگەنە ڕێككەوتن.

ئەمە لەكاتێكدایە، درەنگانی شەوی رابردوو، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی ڕاگەیاندبوو، بودجە لە كۆتاییەكانیدایە، كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ لیژنەی دارایی هەبوو، هەروەها هەوڵە بەردەوامەكانی لیژنەی دارایی و پەیوەندیكردنەكانیان بەرز دەنرخێنین.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×