تەندروستی سلێمانی: ئۆباڵی هەر ئافات و گیانلەدەستدانێكی نەخۆش دەخەینە ئەستۆی باكی هەرێم
  2023-05-29       507       

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی ئەگەر ببێتە هۆكاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەكەی ئەخەینە ئەستۆی بانكی هەرێم و وەك تەندروستی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمارئەكەین.

ئاوێنە: د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لە ماوەی شەش مانگدا لە كۆی 30 ملیار دینار كە پێویست بو بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بكات، تەنها 5 ملیار دیناری خەرج كردوە، كە خەرجی تەنها مانگێكە."

وتوشیەتی"بۆیە نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشكی ئەگەر ببێتە هۆكاری ئافات و گیان لەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەكەی ئەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتیەو ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار ئەكەین كە نەیتوانیوەو نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشتوگوزاردا بكات هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابین كردون، بێئاگا لەوەی لە ئێستادا چارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەمو پرسەكانی ترەو پێویستی بە هاوكاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە كە بۆی دانراوە."

د. هێرش سەید سەلیم ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەمە لەكاتێكدایە ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابینكردنی پارەی پێویستی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم و بانكەكانی سلێمانی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×