مەسرور بارزانی: پاشەكەوتی موچە قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق و پێویستە ئەو دابینی بكات
  2023-05-30       491       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هۆكاری پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵانی رابردودا، "بەغدا بوە"و "حكومەتی هەرێم نەبوە." دەشڵێت، پاشەكەوتی موچە قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق و پێویستە بەغدا دابینی بكات.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی ڕێورەسمی کردنەوەی کارگەی شیرەمەنیی زۆم لە گوندی ژاژۆک-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر، وتەیەكی پێشكەشكرد.

سەرۆكی حكومەت لە وتەكەیدا سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا كراون وتی"بەداخەوە پێش چەند ڕۆژێكیش چەند كەسێك لە لێژنەی دارایی هەندێك خاڵیان هێناوەتە پێش كە بەحەقیقەت ئەگەر جێبەجێ بكرێن، زەرەرو زیانێكی زۆر گەورە بە خەڵكی كوردستان دەكەوێت."

وتیشی"ئەو خاڵانە دەستوری نین و بەشێكیش نین لەو ڕێككەوتنەی كە ئێمە لەگەڵ حكومەتی فیدرالی هەمانە، لەبەرئەوە ئێمە داكۆكی لەو رێككەوتنە دەكەین كە لەگەڵ سەرۆك وەزیران هەمانەو بەهیچ شێوەیەكیش ئێمە سازش لەسەر ماف و هەقی میللەتی خۆمان ناكەین."

جەختیشی كردەوە"ئێمە ئامادەین گفتوگۆ بكەین و بگەینە ڕێككەوتنێك كە لە بەرژەوەندیی هەمو لایەكدا بێت، بەڵام هەقیقەت ئەو مافانەی كە لە دەستوردا بۆ میللەتی ئێمە هاتۆتە دیاریكردن، ئێمە بە هیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكەین، گفتوگۆش بەردەوامن و دڵنیاش بن ئینشائەڵا ئەوە دەبێت كە خێری میللەتی ئێمەی تێدایە."

لەبارەی گەڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی مۆچەخۆرانی هەرێم، سەرۆكی حكومەت وتی"بابەتی پاشەكەوتی موچە زۆرجار باس دەکرێت، حەز دەكەم بزانن كە هۆكاری سەرەكیی پاشەكەوتكردنی موچە بەغدا بوەو حكومەتی هەرێم نەبوە، بەغدا بوە كە بودجەی هەرێمی بڕیوە، بۆیە هەرێم ناچار بوە هەندێك پارەی قەرز كردوە یانیش چەندین جاریش نەیانتوانیوە موچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە، هەمو موچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە رەنگە مانگێك دواكەوتبین بەڵام هەمو موچەكانمان داوە."

جەختیشی كردەوە"پاشەكەوتی موچە، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی موچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە، راستە هەمو خەڵك و ئێمە هەمو وا دەڵێین و حكومەتیش وادەڵێت، بەڵام ئەم شتە بە موزایەدە ناكرێ، پێویستە ئەو پارەیە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت تاوەكو ئەو پاشەكەوتی موچەیە جارێكی دیكە بۆ خەڵك خەرج بكرێت، ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە ئەو پارەیە لە بەشی هەرێمی كوردستانەوە بدرێت، من پێویستیم نە بە بڕیاری حكومەتی عێراق هەیەو نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیكەش هەیە، ئێمە خۆمان زیاتر لە هەر خەڵكێكی دیكە، لە خەمی خەڵكی خۆمانین، دڵنیاش بن حەزناكەین هیچ كەسێكی ئێمە، هیچ هاوڵاتییەكی كوردستان لە هەق و مافی خۆیان بێبەش بن، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدرالی دەستەبەر بكەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×