هەدەپە: سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردوە
  2023-06-01       628       

وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن دەستیان بە پرۆسەی رەخنەلەخۆگرتن و پێداچونەوە کردوە، دەشڵێت، "بانگەوازی ئێمە بۆ هەمو دۆستانی حزبەکەمان ئەوەیە با بە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ڕەخنەلەخۆگرتندا تێپەڕین، بە هەمو ئیرادەیەکمانەوە بۆ سیاسەت کۆببینەوە و بە مۆڕاڵێکی زۆرەوە بچینە کۆنگرە، سەردەمێکی نوێ بۆ ئێمە دەستیپێکردوە".
 
ئاوێنە: ئەبرو گونەی، وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەبارەت بە پڕۆسەی داڕشتنەوەی بەرنامەی کار لە بارەگای گشتی هەدەپە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند، "هەم لەڕوی سیاسەتی وڵات و هەم لەڕوی چالاکییەکانی حزبەوە سەردەمێکمان لە دواوە بەجێهێشتوە، لە دوای هەڵبژاردن دەستمان بە پرۆسەی هەڵسەنگاندن کرد، چەندین کۆبونەوە ئەندامدران، باس لەوەکرا کە هەڵسەنگاندنی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن لەژێر چ سەردێڕێکدا ئەنجام دەدرێت و بە چ شێوازێک بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە میکانیزمی ڕەخنەلەخۆگرتن کار بکات و خۆمان بۆ سەردەمی نوێ ئامادە بکەین، دوای تەواوبونی کۆبونەوەکان، لەگەڵ گەلەکەمان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی شار و قەزاکانمان کۆبونەوە ئەنجام دەدەین، پرۆسەکەش لە هەمو لایەکەوە هەڵدەسەنگێندرێت، دو ئامانجی سەرەکیمان هەیە، یه‌که‌م، کەس لە کەموکوڕی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا نەمێنێتەوە و هاوکات میکانیزمی ڕەخنەلەخۆگرتن چالاک بکرێت و لە هەڵە و کەموکوڕییەکانەوە فێرببین".

وتەبێژی هەدەپە دەڵێت، "تاکە ئامانجمان باشترکردنی تواناکانمان و خۆبەرەو پێشبردنمانە، بەهۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، پڕۆسەی گەورەی کۆنفرانس کۆنگرەمان دواخست و بەمەش ئێستا ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکاتەوە، ئێمە بەم باس و هەڵسەنگاندنانە پرۆسەی ناوەڕۆکی کۆنفرانس و کۆنگرە دادەڕێژین، بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ کۆنفرانس و کۆنگرە گەورەکە لەگەڵ گەل و ئەندام و ڕێکخراوەکانمان دروست دەکەین".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی "کەی کۆنگرەی گەورە دەبەسترێت؟" گونەی لە وەڵامدا وتی، "وادەی کۆنگرە گەورەکە دوای گفتوگۆکانمان لەگەڵ گەلەکەمان یەکلایی دەکەینەوە، بەپێی چاوەڕوانی و خواستی خەڵک گەشە دەکات، لە ماوەیەکی کورتدا بەو پرۆسانەدا تێدەپەڕین، هێڵی خەبات پەرەپێدەدەین و لەسەر ڕێبازی سیاسەتی دیموکراسی هەنگاو دەنێین".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×